دوای بڕیاری چۆلکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق،
ڕاوێژکارێکی سودانی دەڵێت بڕیارەکەی ئەمریکا پەیوەندی بە دۆخی ناوچەکەوە بەگشتی
هەیە و هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دۆخی
ئەمنی ناوخۆی عیراقەوە نییە.
لەدوای كشانەوەی بەشێک لەکارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا
لە عیراق و کوەیت و بەحرەین، فەرهاد عەلادین، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ کاروباری
پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕاگەیاند: ئەو بڕیارەی ئەمریکا لەچوارچێوەی خوێندنەوەی ئەو وڵاتە
بووە بۆ دۆخی ناوچەکە بەگشتی، هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دۆخی ئەمنی ناوخۆی عیراقەوە
نییە.
راوێژکارەکەی سودانی جەختیشی کردەوە هیچ هەڕەشەیەک
لەسەر دیپلۆماتکار و کارمەندانی نێردە دیپلۆماسییەکان لە عیراق نییە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش، کشانەوەی کارمەندان و دیپلۆماتکارە
ئەمریکییەکان بۆ هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر ئێران دەگەڕێنێتەوە.
رۆژنامەی ئەلعەرەبییەش لەسەر ئەم پرسە بڵاوی
کردووەتەوە، دوای کشانەوەی بەشێک لەهێزەکانی لە سوریا، ئەمەریکا پێگەی خۆی لە هەولێر بەهێزتر کردووە و یەکەیەکی سەربازی
و ژمارەیەکی زۆر کەرەستەی سەربازی و چەکی قورسی بۆ بنکەی هەریر گواستووەتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP