ئاژانسی وزەی ئەتۆم داوا لە تاران دەکات رێگەبدەن پشکنینەکانیان دەستپێبکەنەوە

جیهان
14:37 - 2025-06-25

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دواى راگەیاندنى ئاگربەستى نێوان ئێران و ئیسرائیل، داوا دەکات کارەکانى پشکنینى ئەتۆمى لە ئێران دەستپێبکەنەوە.

رافائیل گرۆسى لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دەستپێکردنەوەى هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئاژانسەکەى کارێکى بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى دیپلۆماسى سەرکەوتوو بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان لەبارەى چالاکییە ئەتۆمییەکانى ئێران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نامەیەکی بۆ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ناردووە، تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش کردووەتەوە و پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کردووە.

بەڕێوەبەرى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆم، ئاشکراشیکردووە، پشکنەرانى ئاژانسى وزەى ئەتۆم، بە درێژایی جەنگى ئێران و ئیسرائیل لە ئێران ماونەتەوە و ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆگاى ماددە ئەتۆمییەکان.

بەگوێرەى زانیارییەکانى ئاژانسى وزەى ئەتۆم، ئێران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمى پیتێنراوى بە رێژەى 60% هەیە، دوایین سەردانى پشکنەرانیش بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنى هێرشەکانى ئیسرائیل بوو لە 13ـى حوزەیران.

بەرپرسانى ئێرانیش، رەخنە لە کارەکانى ئاژانسى نێودەوڵەتیی وزەى ئەتۆم دەگرن و پێیانوایە لە پرسى دۆسییەى ئەتۆمیی وڵاتەکەیاندا پیشەییانە مامەڵەى نەکردووە و داوایانکرد هەماهەنگى لەگەڵ ئاژانسەکە هەڵپەسێرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP