قوباد تاڵەبانی : بەدیلی رێککەوتن هەر رێککەوتنە

کوردستان
21:42 - 2025-07-09

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا و فواد خازر ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن و هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە هەر سێ کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(9ی7ی2025) بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی موچەخۆرانی هەرێم، روونیکردەوە بەدیلی رێککەوتن هەر رێککەوتنە و راشیگەیاند:" هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ چارەسەری هەمیشەیی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم".

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەکە و بە تایبەت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە شەڕ و بارگرژییەکانی ئەم دوایانە، هیوای خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنەکانی ناوچەکە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بە ئاراستەی هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و سەقامگیرترکردنی ناوچەکە، چونکە دواجار سەقامگیری لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەکەدایە و لە دۆخی ناسەقامگیریدا هەمووان زەرەرمەند دەبن.

سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاش، جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پاڵپشتیکردن لە پرۆسەکە و راشیگەیاند:" لە هەر شوێنێک پێویست بکات هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر چەشنە هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە".

هەروەها بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە کوردستان، قوباد تاڵەبانی ماڵئاوایی کرد لە کونسوڵی گشتیی ئوردن و سوپاسی کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا رۆڵی گرنگی بینی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئوردن و هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا و بەتایبەتیش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و خوێندنی باڵادا.

 لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی نوێی ژاپۆنیش، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەخێرهێنانی، سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و داوایکرد کاری زیاتر بکرێت بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بوارەکانی خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجاندا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP