رێکخەری کاروباری نەتەوەیەکگرتووەکان پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئیسرائیل کرد بۆ دابینکردنی رێگەیەکی وشکانیی سەلامەت تاوەکو هاریکارییە مرۆییەکان بگەیەندرێنە غەززە، راشیگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵدەدات بگات بە زۆرترین هاوڵاتیی کەرتەکە.
تۆم فلیتچەر، رێکخەری کاروباری نەتەوەیەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی، پێشوازیی لەو ئاگربەستە مرۆییە دەکەین کە رێگە بە چوونەژوورەوەی هاریکارییە مرۆییەکان دەدات بۆناو کەرتی غەززە.
ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتووەکان دڵنیاییدا لەوەی ئەوان لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ تیمەکانیان و هەموو هەوڵێکیشدەدەن، تاوەکو هاوکاری مرۆیی بگەیەنن بە زۆرترین ئەو کەسانەی برسین.
سوپای ئیسرائیل بەرەسمی "راگرتنێکی تەکتیکی" ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە راگەیاندو ئاماژەیدا بەوەی لە سەعات 10ـی بەیانییەوە تا هەشتی ئێوارە، سوپای ئیسرائیل لە غەززە، ئۆپراسیۆن ئەنجامنادات.
بڕیارەکەی ئیسرائیل پاش ئەو کاردانەوە فراوانە نێودەوڵەتییە دێت کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک منداڵی غەززە بەهۆی برسێتییەوە لە هەموو جیهان دروستببوو.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP