هەولێر.. فەرمانی دەستگیركردن بۆ رۆژنامەنوس رێبوار كەریم وەلی دەردەچێت

کوردستان
14:32 - 2021-06-04

دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بەتۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لەسۆشیالمیدیاوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ رۆژنامەنوس ڕێبواری كەریم وەلی دەردەكات.

لەنوسراوێكیدا دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر داوای لەسەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان كردوە ئەگەر ناوبراو ئەندامە لەسەندیكای رۆژنامەنوسان، وێنەو ناسنامەكەیان بۆ بنێرن.

بەپێی نوسراوەكەی دادگای هەولێر، رێبوار كەریم وەلی بابەتێكی بڵاوكردووەتەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و هانی خەڵكی داوە بۆ شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، بۆیە پێویستە تۆمەتبار دەستگیربكرێت بەپێی مادەی (2)ی خراپ بەكارهێنانی پەیوەندیكردن.

جێی ئاماژەیە، نوسەرو رۆژنامەنوس رێبوار كەریم وەلی پێشتر لەكەناڵی رووداو كاری كردوەو نزیكە لەنێچیرڤان بارزانییەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتریش دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ چەند رۆژنامەنوس و چالاكوانێكی بادینان دەركردو سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندن، ئەو بڕیارەش كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوەو بەپاشەكشەی ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی كوردستان و دەستتێوەرانی شەخس لەو كەیسە ناوبرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP