وه‌زیری ناوخۆی توركیا:ئه‌و رۆژانه‌ نزیكن به‌پێ بچینه‌ نێو عیراق و سوریاوه‌

عێراق
14:11 - 2021-07-21


سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، ئەو ڕۆژانە نزیك بوونەتەوە كە بە پێ بچنە نێو خاكی عێراق و سوریاوە، هه‌روه‌ك، پاراستنی ئاسایشی جوگرافیای ئیسلامی و رۆژهه‌ڵاتی ناوینشی به‌ به‌رپرسیارێتی وڵاته‌كه‌ی زانی. 

له‌ وته‌یه‌كیدا كه‌ دوێنێ‌ له‌ یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان لە شاری شرناخی باكوری كوردستان، پێشكەشی كرد، وەزیری ناوخۆی توركیا، رایگه‌یاند، ئەو رۆژانە دوور نین بە پێ بچینه‌ نێو خاكی عێراق و سوریاوه‌و له‌وێشه‌وه‌ (سڵاو بۆ برایانيان لە لیبیا بنێرن)

به‌ وته‌ی سۆیلۆ، پاراستنی ئاسایشی عێراق، سوریا، لیبیا، ئەفغانستان و جوگرافیای ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپرسیارێتی سه‌رشانی توركیایە.

لێدوانەكەی وەزیری ناوخۆی توركیا، هاوكاتە لەگەڵ ئەو لەشكركێشییەی كە سوپای ئەو وڵاتە بە بیانووی بوونی پەكەكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە، هاوكات لەگەڵ دەستگرتن بەسەر ڕووبەرێكی بەرفراوانی هەرێمی كوردستان، شاری عەفرین و چەند ناوچەیەكی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستانیشیان داگیركردووە.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا، تا ئێستا هه‌ردوو حکومەتی عێراق و سوریا، هیچ هەڵوێست و كاردانه‌وه‌یه‌كیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ی وه‌زیری ناوخۆی توركیا رانه‌گه‌یاندوه‌و ناشزانرێت وتەکانی سولەیمان سۆیلو لەچی چوارچێوەیەکدایە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP