له‌ مه‌رزی باشماخ كارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان و گەشتیاران ده‌كرێت

ئابوری
08:55 - 2021-09-29


لێپرسراوانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لەگەڵ لێپرسراوانی مەرزەكە لەدیوی ئێران كۆبوونەوەو تەئكیدیانكردەوە لە كارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان و گەشتیاران و شۆفێرانی بارهەڵگر لەهەردوو دیوی هەرێم و ئێران.

وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی (عەمیدی ماف محمد تاهیر رەشید ــ سەرپەرشتیاری دەروازەی باشماخ/دیوی هەرێم) بەیاوەری ژمارەیەك لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی باشماخ و  (كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەرۆكایەتی دكتۆر ئیقباڵ قائیمقامی مەریوان و لێپرسراوانی مەرزی باشماخ/دیوی ئێران) لەدیوی ئێران كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.

لەكۆبونەوەكەدا هەردوولا بەگرنگییەوە باسیان لەبایەخ و كاریگەری دەروازەی باشماخ كردو هاوڕابوون كە لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشترو كارئاسانی زیاتر بۆ بازرگانان و گەشتیاران و شۆفێرانی بارهەڵگر لەهەردوو دیوی هەرێم و ئێران.

هەردوولا تەئكیدیان لەوەكردەوە كە پەیوەندی توندوتۆڵ و دۆستانە پەرەی پێبدرێت و بەهاوكاری و هەماهەنگی هەردوولا كێشەو گیروگرفتەكان دەستنیشان بكرێن و پاشان میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنیان بگیرێتە بەر.

هەر لەكۆبونەوەكەدا لایەنە تایبەتمەندەكانی هەردوو دیوی باشماخ راسپێردران لەپەیوەندی بەردەوامدابن و لای خۆیانەوە سەرپەرشتیاری دەروازەی باشماخ و قائمقامی مەریوان پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕین و بڕیاریاندا بەهەموو توانایان هەوڵی زیاتر بەرەوپێش چوونی دەروازەكە بدەن لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەردوولا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP