سه‌رۆك كۆماری عێراق:مام جەلال تۆماری خەباتی گەلێک و بەسەرهاتی ناوچەیەکی بەرفراوانە

عێراق
18:10 - 2021-10-03


د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە شاری بەغدا له‌ مەراسیمی چوارەمین ساڵیادی دواماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال  رایگەیاند، مام جەلال سەرۆکێک لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، راستگۆ لەگەڵ خۆی و میللەتی خۆی بوە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسودە و سەرفراز بۆ گەلەکەی. هەروەها مام جەلال تۆماری خەباتی گەلێک و بەسەرهاتی ناوچەیەکی بەرفراوانە، کە زیاد لە نیو سەدە خەبات و تێکۆشانە.
 
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا،  كه‌ ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی بۆئه‌و كردوه‌، لە شاری بەغدا مەراسیمی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکردە و سەرۆکی مەزن سەرۆک مام جەلال، بە سەرپەرشتی و ئامادەبونی د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی عێراق و پەرلەمانتاران و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان بەرێوەچو. 

لە پەیامێکدا سەرۆک بەرھەم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەمومان کۆبوینەتەوە لێرە بۆ یادکردنەوەی رێبەر و مامۆستا و مامی گەورەمان مام جەلال، پێم وانییە بە وتارێک و بە نوسینێک و بگرە بە کتێبێکیش بتوانین باس لەژیان و بەسەرهات و پێگەی مام جەلال بکەین، بۆ هەر یەکێ لە ئێمە مام جەلال تایبەتمەندییەکی هەیە، مام جەلال تۆماری خەباتی گەلێک و بەسەرهاتی ناوچەیەکی بەرفراوانە، زیاد لە نیو سەدە خەبات و تێکۆشانە.

 
ئاماژەی بۆئەوەشکرد، مام جەلال سەرۆکێک لە پێشمەرگایەتییەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، راستگۆ لەگەڵ خۆی و میللەتی خۆی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسودە و سەرفراز بۆ گەلەکەی.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند، من هیوادارم هەمومان سودمەند بین لە ئەزمونی سیاسی مام جەلال لە تێکۆشان و خەباتی چەپکە گوڵە جوانەکەی مام جەلال، پێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردنی پێکهاتەکان و بۆچونە جیاوازەکان سەرچاوەی هێزی هەمو لایەنەکانمانە.
لە تەوەرێکی دیکەی مەراسیمەکەدا ھەر یەک لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفراس و محەممەد حەلبوسی، سەرۆک پەرلەمان و عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و رائد فەھمی، سکرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق وتاریان پێشکەشکرد و جەختیانکردەوە لە رۆڵ و پێگە و حیکمەتی مام جەلال لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی و سەربەرزی و سەرفرزای نەک تەنھا بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ تەواوی گەلی عێراق و یەکخستنی بیروبۆچونە جیاوازەکان لە نێوان گشت نەتەوە و ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە ئاڕاستەی پاراستنی مافە رەواکانی گەلی عێراق بێ جیاوازی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP