ئاژانسی رۆیته‌رز: ئیسماعیل قائانی لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەغدا بووە

عێراق
09:52 - 2021-10-13



هه‌رچه‌ند هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و ئێران، ڕەتیدەكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ، ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ دەكەن لەكاتی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغدا بووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز، به‌ پشتبه‌ستن بە زانیارییه‌كانی دیپلۆماتكارێكی وڵاتێكی ڕۆژئاوایی لەعێراق، ئاشكرای كردوه‌ كه‌ ، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامه‌ بەراییه‌كانی هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە بەغدا بووە.
ئەو دیپلۆماتكارە رۆژئاواییه‌ ئەوەشی بۆ رۆیته‌رز خستووەتەڕوو: قائانی رۆژی دووشەممە لەگه‌ڵ چەند لایەنێكی شیعەدا كۆبوه‌ته‌وه‌، ئامانج لەكۆبوونەوەكەش پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی شیعه‌كان بووە. كه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س به‌ كارێكی زۆر قورس ئه‌ژماری ده‌كه‌ن.  
 
ڕۆیتەرز، باسی له‌وه‌شكردوه‌، ئامانجێكی دیكه‌ی قائانی لەعێراق ئه‌وه‌بوه‌ ، تا لەئەگەری شكستی لایەنە شیعەكانی نزیك لە تاران لە هەڵبژاردنەكە، گروپە چەكدارە شیعەكان وەك فشار بەكاربهێنێت كە بەوتەی ئەوان هەڵبژاردنەكە ساختەی تێداكراوە.

قائانی لەكۆبوونەوەكەدا بە ئامادەبووانی وتووە:"لەسەرەتادا چوارچێوەی یاسایی بەكاردەهێنین بۆ گەڕاندنەوەی ئەنجامی ڕاستەقینەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەر ئەو هەوڵە سەرینەگرت شەقام بەكاردەهێنین.

بەپێی ئەنجامی بەرایی راگه‌یه‌ندراوی هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هێزو لایەنە نزیكەكانی ئێران، لە هەڵبژاردنەكه‌دا دووچاری شكستێكی گەورە بوونە، بەتایبەت هاوپەیمانی فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری، هەروەها هەریەك لە حەیدەر عەبادی و عەمار حەكیم.  

به‌پێی وته‌ی هه‌ندێ‌ له‌ سیاسه‌تمه‌داران و سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵش، توركیا به‌هاوكاری چه‌ند لایه‌نێكی سوننه‌، ده‌ستوه‌ردانی زۆری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كردوه‌و به‌شداریكردوه‌ له‌ ساخته‌كردن و یاریكردن به‌ ژماره‌ی ده‌نگه‌كان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP