ژنێك زیاتر له‌ 30 ده‌فته‌ر دۆلار ده‌بات به‌ سووتاوی ده‌دۆزرێته‌وه‌

کوردستان
09:25 - 2021-11-20

 
له‌ شاری هه‌ولێر ژنێك 320 هەزار دۆلار، به‌ناوی وه‌به‌رهێنان و قازانج، له‌ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و هاووڵاتییانه‌ ده‌ڵێن ئه‌و ژنه‌ به‌و پاره‌یه‌ی ئه‌وان، كاری خێرخوازیی و هاوكاریی كردوه‌و پارەی داوەتە پێشمەرگە، دواجاریش هاوكاری زیانلێكەوتوانی لافاوەكەوەی هەولێری كردوە، بەڵام دوای چەند رۆژێك لەڕووداوێكی تەمومژاویدا گیانی لەدەستداوە.

ئەمڕۆ 20ی 11ی 2021 ژمارەیەك هاووڵاتی لەشاری هەولێر گردبونه‌وه‌و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: بڕی 320 هەزار دۆلار، واتە (32 دەفتەر)یان داوەتە ژنێك كە متمانەیان پێی هەبووەو لەچەند رێكخراوێك چالاكی هەبووەو چەند لێپرسراوێكی باڵا لەپشی بوون، بەڵام بەوپارەیەی ئەوان لەشەڕی داعشدا هاوكاری پێشمەرگەی كردوەو دواتریش كەسوكاری پێشمەرگە، دوا چالاكیشی هاوكاریكردنی چەند ماڵێكی زیانلێكەوتوی گوندی كۆری و شاری زێڕینی هەولێری كردوە كە بەهۆی لافاوەوە زیان بەركەوتوە.

ئەوەشیانخستەڕوو: دوای هاوكارییەكەی بۆ زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی هەولێر، پێشنیوەڕۆیەك چەند كەسێكی خۆی سەردانیان كردوەو دواتر روداوێكی تەمومژای روویداوە، نازانرێت خۆی سوتاندوە یان سوتێنراوەو دواتر گیانی لەدەستداوە، بۆیە هیچ كەسێكی نیە كە پارەكەی لێوەربگرنەوە.
لەبارەی پێدانی پارەكەش وتیان: تیاماندابووە پارەی داوە، هەبووە ئۆتۆمبێلی پێداوە، بەڵام بەپارەی ئێمە گوایە كاری خێرخوازی كردوەو كەسانێكی تری لەپشتە كە كەسی نزیك و دوورین. 
لەبەشێكی تری كۆنگرەكەدا راشیانگەیاند: بەدوو بەش پارەی وەرگرتوە، گوایە رێكخراوێكەو دوای پێدانی پارەكە مانگانە 800 دۆلاریان پێدەدرێت، بەڵێنیشی داوە بەنزیكترین كات پارەیان پێبداتەوە.

ئەو هاووڵاتیانە دەشڵێن: بۆ تۆماركردنی سكاڵا سەردانی بنكەی پۆلیسیان كردوە، بەڵام لەبنكەی پۆلیس هیچ سكاڵایەكیان لێوەرنەگیراوەو كێشەكە وەك خۆی ماوەتەوە.

رووداوەكەی هەولێر لەكاتێكدایە كە لەماوەی رابردوودا لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان چەندین رووداوی هاوشێوە روویانداوەو بڕێكی زۆر پارەی هاووڵاتیان لەلایەن كەسێك یان چەند كەسێكەوە بەناوی بازرگانی و پێدانی قازانجی زۆر براوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP