پەیامی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند بۆ یادی رۆژی شەهیدی یەکێتیی

کوردستان
15:37 - 2021-11-20

لە رۆژی شەهیدی یەکێتییدا
-سەری رێز و وەفا بۆ گڵکۆی رابەر و سەرکردە سەرۆک (مام جەلال) و سەرجەم شەهیدانی یەکێتیی دائەنوێنین..!
-سڵاو لە سەرکردەکانی (کەم ژیان و کەڵ ژیان) خاڵە شیهاب و، جەعفەر عەبدولواحێد و، ئەنوەر زۆراب!
دوای ساڵێک لە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە (1-6-1976)دا بە رابەرایەتیی رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) خەباتی چەکداری دەستی پێکرد، ئەوەش وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە جۆر و شێوازی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان.
لەو کاتەدا بڕیاری دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری، لە بارودۆخێکدا بوو هەر چەند مانگیک بوو بەهۆی پیلانگێڕی ناوخۆیی و دەرەکییەوە شۆڕشی ئەیلول خامۆش و پەرتەوازە ببوو، بەو هۆیەشەوە خەڵکی کوردستان تووشی نا ئومێدییەکی زۆر ببوونەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو هەلومەرجەدا هات و دڕی بە شەوە زەنگی نائومێدی دا و، سەرلەنوێ جۆش و خرۆشی کوردایەتیی و مقاوەمەتی بە گوێی ناحەزانی گەلی کوردستان دایەوە و سەرتاپا پیلانگێڕییەکانی لە گۆڕنا و دەستی بە خەباتی پارتیزانی کرد لە تەواوی کوردستاندا.
لەو پێناوەشدا؛ یەکێتیی نیشمانیی کوردستان زیاتر لە (بیست و یەک)هەزار‌ پێشمەرکەو سەرکردەی تێکۆشەر و قارەمانی ئەم گەلەی بە نەتەوەو نیشتمان بەخشیی! هەر لە سۆنگەی بەخشینی ئەو قوربانییە زۆرەشە ئێستا بە یەکێتیی دەڵێن: (حزبی شەهیدان!).
وەک وەفاو پێزانینێکیش لە بەرامبەر ئەو خەبات و قوربانییە زۆرەدا کە یەکێتیی بە نەتەوە و نیشتمانیی بەخشیوە، رۆژی 21ی 11ی هەموو ساڵێکی بۆ شەهیدەکانی دیاری کردووە، چوونکە رۆژی پەیمان و وەفایە بۆ ئەو جوامێر و تێکۆشەرانەی کە لە پێناو پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستاندا گیانی خۆیان بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەیان بەختکرد و خۆینی ئاڵیان تێکەڵ بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرد.
لەم یادەدا.. دووپاتی دەکەینەوە؛ کە درێژە پێدەری رێبازی پیرۆزی شەهیدان بین و تا دوا هەناسەمان بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان بکەین، هەروەها کەسوکارەکەیان بە کەسوکاری خۆمان دەزانیین و هەر چییەکمان بۆ بکرێ بۆ خزمەتکردنیان بێ درێغ ئەنجامی دەدەین.
لە کۆتاییدا سڵاو.. لە رابەر و سەرکردە سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی یەکێتیی!
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP