به‌مه‌به‌ستی ئاگه‌داربوون له راپۆرته‌كانی وردبینی دیوانی چاودێری دارایی و ئه‌و خه‌رجی و داهاتانه‌ی له فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان له نوسراوێكدا ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كات، ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، تاكو ئێستا راپۆرته‌كانی دیوانی چاودێری دارایی ناگاته لیژنه‌كه‌یان.
عومه‌ر عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابوری په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: له دوا كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌مان و دوای گفتوگۆیه‌كی چڕوپڕی ئه‌ندامان بڕیاردرا نوسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بكات، كه تێیدا داوای راپۆرتی چاودێری دارایی بۆ ساڵه‌كانی 2019 و 2020 كراوه.
وتیشی: ئامانجمان له‌و داواكاریه ئه‌وه‌یه ده‌مانه‌وێ بزانین داهات‌و خه‌رجیه‌كانی دامووده‌زگانی هه‌رێمی كوردستان‌و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و پرسه‌وه هه‌یه چه‌نده، هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێ ئاگه‌داری راپۆڕته‌كانی دیوانی چاودێری دارایی بین له‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی خۆی له ئه‌نجامدانی وردبینی ئه‌نجامده‌دا یان نا.
راشیگه‌یاند: تاكو ئێستا راپۆرته‌كانی تایبه‌ت به وردبینی له‌خه‌رجی و داهاته‌كان وه‌كو پێویست ناگاته لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان، ئینجا نازانین هۆكاره‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه یان دیوانی چاودێری داراییه .
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ له هه‌رێمی كوردستان شه‌فافیه‌ت هه‌بێت و رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌مبكرێته‌وه، پێویسته سه‌رجه‌م داموده‌زگانی ووردبینی‌و چاودێری و لێپرسینه‌وه به‌یه‌كه‌وه كاربكه‌ن و به‌هێزبكرێن، بۆئه‌مه‌ش پێویسته په‌رله‌مان‌و دیوانی چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی نه‌زاهه به‌ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵستن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP