داماڵینی چەک و
هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یەکێکە لە گرنگترین ئالانگاریە
سیاسی و ئەمنیەکان لە ناوچەکە بە گشتی ولە تورکیا بەتایبەتی. ئەم پرسە لایەنی
سەربازی تێدەپەڕێنێت و نوێنەرایەتی تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی ئامادەیی دەوڵەتی
تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی کورد بە هەموو کوتلە جۆراوجۆرەکانییەوە دەکات بۆ گواستنەوە
بۆ قۆناغێکی سیاسی مەدەنی لەسەر بنەمای دیالۆگ و ئاشتی نەک ململانێی سەربازی.
لە ڕووی سیاسییەوە:
داماڵینی چەک ئەگەر بە
شێوەیەکی کردەیی و ڕاستەقینە جێبەجێ بکرێت، دەکرێت وەرچەرخانێکی مێژوویی بێت،
دەرگا بەڕووی چارەسەری سیاسی هەمەلایەنە بۆ پرسی کورد لە تورکیا بکاتەوە. پرسەکە
هەر بە تەنیا کۆتاییهێنان بە توندوتیژی نەبێت ؛ بەڵکو نوێنەرایەتی گۆڕانکاری لە
خەباتی چەکدارییەوە بۆ خەباتێکی دیموکراسی ودامەزراوەیی بکات. لەو چوارچێوەیەشدا
دەوڵەتی تورک پێویستە هەنگاوی بوێرانە بنێت بۆ ئەوەی بە ئاشکرا و بۆ هەمیشەیی مافە
کولتووری و سیاسییەکان بە کورد ببەخشێت نەک تەنها وەک ئیمتیازێکی کاتی، بەڵکو لە
ناو دەستووری دەوڵەتی تورکیا لە پاڵ مادە وبڕگە جامد ونەگۆڕەکان بچەسپێنرێت.
وەلێ هەر پرۆسەیەکی سیاسی،
دەبێت هەمەلایەنە و بە ڕێککەوتنی هەردوولا بێت نەک تەنها دەستپێشخەرییەکی
هەڵبژاردن یان کارتێکی فشاری کاتی. هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیزب لەڕووی
سەربازییەوە بەبێ دابینکردنی چوارچێوەیەکی سیاسی کە بنکەی کوردی هەست بە ئاسایش و
دانپێدانان بکات، ڕەنگ بێت کێشەکە گەورەتر بکات، نەک چارەسەری بکات.
لە ڕووی پراکتیکیەوە:
لەهەقیقەتدا ئاستەنگەکانی
بەردەم داماڵەغاسی پەکەکە لە چەک هەروا
ئاسان نیە وئەمە پێویستی بە پرۆسەیەکی وردە وردەی پاڵپشت بە گرەنتی رێکخستنێکی
وردی ئەمنی ویاسایی ونێودەوڵەتی هەیە، لەوانەیە لەلایەن لایەنە بێلایەنەکانەوە
چاودێری بکرێت.
مەترسییەکە لەوەدایە
کەپرسی داماڵینی چەک وەک کارتێکی سیاسی لەلایەن پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بۆ
بەدەستهێنانی دەستکەوتی هەڵبژاردن یان لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن بەکاربهێنرێت، بەبێ
ئەوەی هیچ نیازێکی ڕاستەقینەی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەڕەگەوە. لە
سیناریۆیەکی وادا ئەم پرۆسەیە لە ئاگربەستێکی کاتی زیاتر هیچی ترنابێت کە لە یەکەم
گۆڕانکاری سیاسی یان ئەمنیدا بە خێرایی دەڕووخێت.
ئەگەرەکانی داهاتوو:
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە
مانای کۆتایی هاتنی پرسی کورد نیە لە تورکیا. بەڵکو نوێنەرایەتی سەرەتایەکی نوێ
دەکات کە پێویستی بە گواستنەوە بۆ دیالۆگی سیاسی و دادپەروەری ڕاگوزەری و
گەشەسەندنی هاوسەنگ لە ناوچە زۆرینە کوردییەکان هەیە. ئەگەر ئەم گواستنەوەیە
سەرکەوتوو بێت، دەتوانێت ئاسۆی نوێ بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی گشتگیرتر و یەکگرتووتر
بکاتەوە.
بەڵام ئەگەر پرۆژەکە شکستی هێنا، یان ئەگەر دەنگە میانڕەوەکانی کورد
بەدەر بکرێن، ڕەنگە بزووتنەوەی نوێ و توندڕەوتر و کەمتر دیسپلیندارتر سەرهەڵبدەن،
کە مژدەی شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی و ناسەقامگیری بن.
لەکۆتاییدا چەکداماڵینی
پەکەکە دەتوانێ هەنگاوێک بێت بۆ ئاراستەیەکی دروست ئەگەر چاکسازیی سیاسی ڕاستەقینە
و دانپێدانانی ئاشکرای فرەیی لەناو دەوڵەتدا لەگەڵیدا بێت. بەڵام ئەگەر هەنگاوێکی
تاکتیکی بێت و خاڵی بێت لە جەوهەری سیاسی، ئەوا کێشەکە چارەسەر ناکات بەڵکو دوای
دەخات و ڕەنگە لە داهاتوودا ململانێکان بە توندیتر دووبارە ببێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP