پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ١٢/٥/٢٠٢٥ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە کەسایەتی و کادیرە پێشکەوتووەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سنووری موسڵ و شەنگال بەتایبەتی کادیرانی ئێزیدی لەسنوورەکە.
لە میانی ئەو پێشوازیەدا سەعدی ئەحمەد پیرە وێرای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و تێکۆشان و رۆڵی برایانی ئێزیدی لە شۆڕشەکانی کوردستان بەتایبەتیش شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، تیشکی خستەسەر دواین پێشهات و گۆرانکاریە سیاسیەکانی هەرێم و ناوچەکە و جیهان، هاوکات تیشکی خستەسەر ئەو پەرەسەندنانەی لە ناچەکەدا روویانداوە بەتایبەتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و گفتوگۆکانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا و دەسەڵاتدارانی دیمەشق و ئەوململانێیە ئابوری و سیاسیانەی لە ناوچەکە و جیهان دەگوزەرێن.
سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند کە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی کورد لە ئێستا زامنی گەورەترین سەرکەوتن و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان دەکات.
هەر لەو دیدارەدا، پرسی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق گفتگۆیان لەبارەوەکرا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP