پەنجا ساڵ شكۆمەندی

لەتیف نێروەیی
14:56 - 2025-05-28

پەنجا ساڵ شكۆمەندی
(یەكێتی و راگەیاندن)
 لەتیف نێروەیی

(٤)
بڵاوكردنەوەی یەكەم بەیاننامەی رەسمی و تایبەت بە دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو بە جێگەی بایەخی میدیای جیهانی و لەناویدا میدیای بینراو، بیستراو، خوێندراوی سوریا و هەڵوەستەیەكی زۆریان لەسەر پەیامی دامەزراندن و لە ئەم رووداوە گرنگە وەك پێشهاتێکی گرنگی سیاسی بوو بە سەردێری رۆژنامەكانی وڵاتانی لوبنان و میسر و بەهۆی میدیای ئەو سێ وڵاتەوە پەیامی دامەزراندنی یەكێتی گەیشتە رای گشتی كوردستانی و عیراقی و جیهانی.
گرنگیدانی میدیای بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و جیهانی بە هەواڵی دامەزراندنی یەكێتی بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە:
یەكەم: تەنها لە دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە سێ مانگ لە نسكۆی شۆڕشی ئەیلول یەكێتی وەكو هێزێكی سیاسی لە سوریای دراوسێی عیراق دامەزراو ئەمەش رووداوێكی سیاسی سەرنج راكێش بوو بۆ ئەو سەردەمە.
دووەم: پێشتر هەڤاڵ مام جەلال بەهۆی كاری دیپلۆماسی لەو سێ وڵاتە پەیوەندییەكی باشی هەبوو لەگەڵ  سەرۆک و سەرکردە باڵاكانی ئەو سێ وڵاتە و دۆستایەتیشی هەبوو لەگەڵ میدیای بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی لەگەڵ میدیای (سوریا، لوبنان، میسر).
سێیەم: ئەوكاتەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سوریا لەلایەن دەستەی دامەزرێنەرەوە بە رەسمی راگەیەندرا، پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی لەنێوان دیمەشق و بەغداد لە دۆخێكی ئاڵۆز و پڕ لە ناكۆكیدا بوو. بۆیە دیمەشق بە هەواڵی لەدایكبوونی حزبێكی نوێی كوردستانی کە ئۆپۆزسیۆنی رژێمی ئەوسای عیراق بێت خۆشحاڵ بوو، پێشتریش سوریا پشتگیری خۆی بۆ بەردەوامبوونی شۆڕشی ئەیلولی راگەیاندبوو.    
لەو هەلومەرجەدا یەكێتی لەگەڵ دەستپێكردنی خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و پاشانیش خەباتی چەكداری گرنگیەكی تایبەتی بە خەباتی میدیاییدا و سەرەڕای هەلومەرجێكی زۆر سەخت و دژوار، بەڵام توانی سێ چاپخانە و رادیۆیەك لە دەرەوەی وڵات دابین بكات و بیگەیەنێتە ناوچە رزگاركراوەكانی كوردستان، بۆ ئەو قۆناغە گرنگە ئەركی میدیای یەكێتی بریتیبوو لە:
ـ ناساندنی یەكێتی وەكو هێزێكی نوێی سیاسی بە رای گشتی كوردستانی، ئیقلیمی، جیهانی.
ـ گەیاندنی مەزڵومیەتی گەلی كوردستان و خستنەڕووی ئەو تاوانانەی كە رژێمی بەعس لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامی دەدا، بەتایبەتی پەیڕەوكردنی سیاسەتی سێكۆچكەی(تەعریب، تەرحیل، تەبعیس) كە جێبەجێكردنی پلانی گۆڕینی دیموگرافیای باشوری كوردستان بوو.   
ـ بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری و چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
ـ بەرزكردنەوەی ورەی جەماوەری كوردستان و هاندانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چالاكی سەربازی و رزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان.
ـ هاندانی جەماوەری کوردستان بۆ راپەڕین و راسانی جەماوەری، کە ترۆپکی ئەم کاریگەرییە لە راپەڕینە مەزنەکە رەنگیدایەوە و توانی شەقامی کوردستان جۆش بدات.
ـ بەهێزكردنی هەستی نەتەوایەتی و گیانی پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان.
ـ دروستكردنی رای گشتی ئەرێنی لەپێناو پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و رەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.
ـ دابەزاندنی ورە و مەعنەویاتی هێزەكانی رژێم لە هەرێمی كوردستان.
ـ لە بواری زمانەوانیدا میدیای یەكێتی لە ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكان، خزمەتێكی زۆری بە زمانی كوردی گەیاند، ئەویش بە بژاردەكردنی زمانی كوردی لە وشەی بیانی و زیندووكردنەوەی دەیان وشەی رەسەنی كوردی لە شوێنی وشە بیانیەكان.
ـ ئەوەی زیاتر بوو بە هاندەری سەرەكی لە میدیای یەكێتی تایبەتمەندی و بەهێزی و كاریگەری و پێشەنگی خۆی بپارێزێت بریتی بوو لە:
یەكەم: هەڤاڵ مام جەلال كە سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، هەروەها ئەزموونێكی باشی هەبوو لە كاری نووسین و میدیایی، راستەوخۆ سەرپەرشتی میدیای یەكێتی دەكرد، هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرد و هەمیشە پشتیوانی ماددەی و مەعنەوی میدیای یەكێتی دەكرد.
دووەم: بە بەردەوامی هەڤاڵ مام جەلال رێنمایی و زانیاری نوێی لەسەر رووداوە سیاسی و ئەمنی و تاوانەکانی رژێم و بوارەكانی دیكە بە سەرچاوە میدیاییەكانی یەكێتی دەدا. 
سێیەم: بەشێكی زۆر لە هەڤاڵانی پلەداری یەكێتی ئەزموونیان لە بواری راگەیاندندا هەبوو، بەتایبەتی هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی، لەو (٧) هەڤاڵە(٦)یان پێشتر ئەزموونی نووسین و كاری رۆژنامەوانی و راگەیاندنیان هەبوو ئەمەش كاریگەری ئەرێنی لەسەر گرنگیدان و گەشەكردنی یەكێتی هەبوو، ئەگەر پێداچوونەوە لەو نامانەدا بكەین كە لە دوای دامەزراندنی یەكێتی تاوەكو كۆتایی ساڵانی حەفتاكان كە بەنهێنی لەنێوان هەڤاڵانی (ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە شام و لە دەرەوەی وڵات) بۆ یەكتریان ناردووە لە زۆربەی نامەكاندا ئاماژە بە گرنگی میدیا و بڵاوكردنەوەی گۆڤار و رۆژنامە دەدەن.   
ـ هۆكارێكی دیكەی تایبەتمەندی و كاریگەری میدیای یەكێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەدوای تێكچوونی دانوستانەكانی (١٩٨٣) بەشێكی زۆر لە نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان پەیوەندییان كرد بە شۆڕشەوە و لە دەوروبەری میدیای یەكێتی كۆبوونەتەوە و جگە لەوەی سەرچاوەیەكی باشی بەهێزبوونی میدیای یەكێتی بوون چەندین گۆڤاری تایبەت بە كۆمەڵە و رێكخراوە جیاوازەكانی وەكو نووسەران، ژنان، هونەرمەندان، مامۆستایان و بوارەكانی دیكە كەوتوونەتە بەر دیدەنی خوێنەرانی ئەو چاخە.  
ـ دواتایبەتمەندی میدیای یەكێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە میدیای یەكێتی لەناو قوڵایی خاكی رزگاركراوی كوردستاندا بووە و هەواڵی ناو شارەكان و چالاكی پێشمەرگە بە ئاسانی و لەماوەیەكی زوودا پێ دەگەیشت.  
ـ سەرەڕای هەموو ئەو هۆكارانە، یەكێتی هێزێكی نیشتمانی و بەرپرسیارە و میدیاكەشی بەهەمان شێوە میدیایەكی نیشتمانی و بەرپرسیارە و لەئێستادا كە سوشیال میدیا و میدیای نوێ كاریگەرییەكی زۆر بەسەر تاك بە تاكی كۆمەڵگا بەجێ هێشتووە و جۆرەها پەیامی نابەجێ و چەواشەكارانە لە دژی سەرۆك و سەركردایەتی بڵاو دەكەنەوە و جەماوەری ئێمە داوا دەكات كە هاوشێوەی ئەوان وەڵامیان هەبێت بەڵام ناكرێ‌ دوای (٥٠) ساڵ خەباتی میدیایی و هەڵگری پەیامی نیشتمانی و پڕ لە بەرپرسیاریەتی ئێمە چاو لەوان بكەین بەڵكو گرنگە ئێمە كار بۆ ئەوە بكەین ئەوان رێچكەی ئێمە بگرنەبەر كە ئەوە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا دەبێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP