چەند ساڵێکە شێخ خەمیس خەنجەر روویەکی سیاسیی دیاری پرۆژەی ئیخوانییە لە عیراقدا، بە پشتیوانیی تورکیا- قەتەر، ئەم کەسایەتییە سوننەیە بە زیرەکیی خۆی هاوسەنگییەکی لەنێوان گوتاری ئیسلامی و ویژدانی نەتەوەیی سوننەدا پیادە کردووە.
خەنجەر نموونەیەکی تایبەتی پێکهێناوە کە دەتوانرێت ناوبنرێت «ئیخوانیی نەتەوەیی»، چونکە هەڵگری بیرۆکەکانی ئیسلامی سیاسییە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی عەرەبیی موحافیزکاردا پێشکەشی دەکات، کە رووی لەو جەماوەرە سوننەیە کردووە کە هەستیان بە پەراوێزخستن و لەدەستدانی رۆڵیان کردووە لە عیراقی دوای ساڵی 2003.
ئەم نموونەیە دابڕاو نەبوو لە درێژبوونەوەیەکی هەرێمیی فراوانتر، کە پلانی بۆ دانرابوو، تەوەرێک پێکبهێنێت لە قەتەرەوە تا عیراق و ئوردن و میسر، لەژێر ئاڵای رێکخراوی ئیخوان موسلمین، بەڵام ئەم پڕۆژەیە، ئەمڕۆ هێدی هێدی لەبەرچاوماندا هەڵدەوەشێتەوە.
پاشەکشەی ئیخوان لە میسر، لێدانیان لە ئوردن، سڕکردنی چالاکییە سیاسییەکانیان، تۆمەتبارکردنیان لە ئەوروپاوە بە توندڕەوی، هەمووی ئاماژەی لاوازبوونی ئەم رەوتەن، بەڵام هۆکاری گرنگتر لەم پاشەکشەیەدا گۆڕانی هەڵوێستی تورکیایە بەوەی ئەنقەرە چیتر دەست بە ئیسلامی سیاسییەوە ناگرێت، بەڵکو ئەمڕۆ ستراتیژێکی هاوسەنگیی هەرێمی پەیڕەو دەکات، خۆی لەسەرکێشی دوور دەخاتەوە و لە پراگماتیزم نزیک دەبێتەوە و بەڕووی وڵاتانی کەنداو و میسردا دەکرێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، تا رادەیەک خەنجەر پشتیوانییە تورکییەکەی لەدەستداوە، بۆیە دەستی کردووە بە گەڕان بەدوای پێگەیەکی نوێدا، سەردانەکەی بۆ ئەبوغرێب و چوونی بۆ نوێژی هەینی لەگەڵ هێما سەلەفییەکاندا، هەوڵێکی ئاشکرا بوو بۆ خۆگونجاندنەوە، لەڕێگەی رازیکردنی رەوتی سەلەفی و پێشکەشکردنی خۆی وەک بژاردەیەکی قبووڵکراو بۆ ناوخۆی عیراق و پشتیوانە هەرێمییەکان.
بەڵام لێرەش پرسیارێک زەق دەبێتەوە، ئایا پڕۆژەی نەتەوەیی عەرەب لەناو ژینگەی سوننەدا بە پاشەکشەی ئیسلامی سیاسی دادەڕمێت؟
رەوتی ئیسلامی سوننە لە مێژووی عیراقدا هەمیشە پەیوەست بووە بە رەوتی نەتەوەیی عەرەبییەوە، عروبەش چەترێکی کۆکەرەوە بووە بۆ گوتاری ئیسلامی سوننی و هەناسەیەک بووە بۆ ناسنامەی کۆمەڵایەتی سەکۆیەکیش بوو بۆ داڕشتنی پرۆژەیەکی سیاسی کە تایفە و ناوچە تێپەڕێنێت.
خەنجەر ئەم تێکەڵاوییەی بەرجەستەکرد و سوودی لێوەرگرت، بەڵام لەگەڵ لاوازبوونی پرۆژەی ئیخوانی، مەترسی رووخانی ئەم شێوازەش هەیە و بۆشاییەکە لەلایەن رەوتە تائیفەگەرەکان پڕبکرێتەوە، کە باوەڕیان بە بیرۆکەی دەوڵەتی گشتگیر و عروبەی هاوسەنگ نییە.
ئایا ئێمە لەبەردەم کۆتایی قۆناغێکداین؟ یان لەبەردەم سەرەتای دروستبوونی ناسیۆنالیزمێکی عەرەبیی نوێ و واقیعیتر و پێگەیشتووترداین، جیاواز لە ئیسلامی سیاسی و ئاشتبوو لەگەڵ چەمکی هاووڵاتیبوون و دەوڵەتدا؟
ئەوە ئاڵنگارییە راستەقینەکەیە کە رووبەڕووی عەرەبە سوننەکان عیراق رەوتی نەتەوەیی لە تەواوی ناوچەکەدا دبێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP