ئاینده‌ی تایوان دوای هێرشه‌كه‌ی روسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا

ڕاپۆرت
15:16 - 2022-03-01



دوای هێرشه‌كه‌ی سوپای روسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا، چه‌ندین پرسیاری گرنگ و هه‌ستیار له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ سیاسی و ستراتیژی و رۆژنامه‌وانییه‌كانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سیستمی نوێی جیهان و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی نێوان وڵاتان به‌تایبه‌ت، ئه‌مریكاو ئه‌وروپاو روسیاو چین و وروژێندران.
ئایا پاساوی پاراستنی سنووری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی به‌سه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێكی به‌هێزو خاوه‌ن سوپاو چه‌كی پێشكه‌وتو بتوانێت و رێگه‌ به‌خۆی بدات هێرش بكاته‌ سه‌ر وڵاتی دیكه‌و داگیری بكات.
بێگومان به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ئه‌و پاساو و بیانووه‌، ئه‌گه‌ر بكرێت به‌ پرانسیپ و ره‌وایی پێبدرێت، دیاره‌ وڵاتگه‌لی دیكه‌ زۆرن له‌جیهان كه‌ تامه‌زرۆو په‌رێشانن هێرش بكه‌نه‌سه‌ر ولاتانی نه‌ك هه‌ر دراوسێی خۆیان، به‌ڵكو میلله‌تان و وڵاتانی زۆردوورش بكه‌نه‌ ئامانج، له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌دا، وڵاتی چینه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌، چاوی له‌ (تایوان) بڕیوه‌و به‌ به‌شێك له‌ خاكی خۆی ئه‌ژماری ده‌كات و تێیده‌ڕوانێت.
له‌و باره‌یه‌وه‌، به‌شێك له‌ چاودێرانی سیاسی، ئاماژه‌ به‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان (ڤلادمێر پۆتین) سه‌رۆكی روسیا و (جین بینگ) سه‌رۆكی چین ده‌ده‌ن كه‌له‌ په‌راوێزی خولی یارییه‌ زستانییه‌كانی ئۆلۆمپی ئیمزایان كرد، كه‌ جه‌خت له‌ قووڵیی گۆڕانكارییه‌كان له‌ سیستمی نوێی جیهان ده‌كاته‌وه‌.
به‌پێی شرۆڤه‌ی به‌شێك له‌ شرۆڤه‌كاران و چاودێران، زمانی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، زۆر به‌ روونی پیشانی ده‌دات كه‌ چین و روسیا، به‌شێوه‌یه‌كی جددی هه‌وڵی دامه‌زراندنی سیستمێكی نوێی جیهان ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌ت كاتێك راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، باس له‌ دیموكراسییه‌كان ده‌كات و ره‌خنه‌ له‌ جیهانبینی خۆرئاوا له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌گرێت، تا ده‌گات به‌ جه‌نگ و به‌سه‌ربازییكردنی بۆشایی ئاسمان و لێدانی زه‌نگی پێویستیی نوێكردنه‌وه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان  و رێگه‌نه‌دان به‌وه‌ی یاری به‌و رێكخراوه‌ بكرێت.
هه‌ردوو لاش له‌ دیداره‌كه‌یاندا له‌ (بی چین) داوای (سه‌رده‌مێكی نوێ)یان كرد له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و دانانی سنوورێك بۆ هه‌ژموونه‌كانی ئه‌مریكا.
هه‌ر له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌یاندا، (مۆسكۆو پكین) دژایه‌تیی خۆیان بۆ فراوانكردنی هاوپه‌یمانیی ئه‌تله‌سی(ناتۆ) له‌ ئاینده‌دا راگه‌یاند، حكومه‌تی چین پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌و داواكارییه‌ی روسیا راگه‌یاند، كه‌ داوای كردوه‌، ئۆكرانیا به‌ ئه‌ندامی ناتۆ قبوڵ نه‌كرێت، له‌به‌رامبه‌رشدا، روسیا پشتیوانی له‌ چین ده‌كات له‌و داوایه‌ی كه‌ (تایوان) به‌ شێكی جیانه‌كراوه‌ له‌ خاكی وڵاته‌كه‌ی ده‌زانێت.
 له‌ ئێستاشدا ئه‌نجامی كۆتایی هێرشه‌كه‌ی روسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا هه‌رچییه‌ك بێت، له‌كاتێكدا ئه‌مڕۆ دانوستانه‌كانی نێوانیان ده‌ستیپێكردوه‌، ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ زۆر به‌ زه‌قی خۆی ده‌رده‌خات، ئه‌وه‌یه‌، دوای ئه‌و هه‌مو كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌، ئایا جیهان جارێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو جه‌مسه‌ری خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا؟  ئایا چین شوێن پێی روسیای هاوپه‌یمانی هه‌ڵده‌گرێت و له‌شكركێشی بۆ تایوان ده‌ستپێده‌كات، كه‌ی ئه‌و له‌شكركێشییه‌ ده‌كات به‌ئه‌مری واقیع و جیهانی پێ‌ شۆك ده‌كات؟

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP