وەزیری پێشمەرگە رۆڵی پێشمەرگە لە شكستپێهێنانی داعش دووپاتدەكاتەوە

کوردستان
13:20 - 2021-01-05

بەرپرسی نوسینگەی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش لەهەرێمی كوردستان رایگەیاند: هاوكارییەكانی هێزی پێشمەرگە زیاتر دەكەین و پڕۆسەی مەشق و راهێنانەكانیش چڕتر و فراوانتر دەكەینەوە.

ئەمڕۆ 5-1-2021، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ جەنەڕاڵ پرەنسیپە، جێگری نوسینگەی هەماهەنگی ئەمنی هاوبەشی هاوپەیمانان لەبەغدا و بەرپرسی نوسینگەی هەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەری كۆبوەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا، كە سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەت و بەرپرسانی باڵای وەزارەت ئامادەیبوون، جەختكرایەوە لەسەر هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق و راوێژكارانی سەربازی هاوپەیمانان، هاوكات پرسی مەترسی و جموجۆڵەكانی تیرۆرستانی داعش و رووبەڕوبونەوەیان گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
وەزیری پێشمەرگە، روونیكردەوە، وەك وەزارەتی پێشمەرگە خۆشحاڵن بەبڕیاری بەردەوامیی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان و فراوانكردنی پڕۆسەی مەشق و راهێنانەكان بەهێزی پێشمەرگە، وتیشی: سەرەڕای قەیرانی دارایی و بارودۆخی ناوچەكە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی گەورەو كاریگەی گێڕاوە لە شكستپێهێنانی تیرۆرستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە.

بەرپرسی نوسینگەی ئەمنی هاوبەشی هاوپەیمانان لەهەرێم ئاماژەی بۆئەوەكرد، بازنەی كاری هاوبەشی نێوان هێزەكان پێویستییەكی هەنوكەیە بۆ تێكشكاندنی تیرۆر لەناوچەكە، بۆ ئەمەش كاردەكەین لەپێناو چارەسەی كێشەكان و پێكەوە كاركردنی هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP