بەهۆی كەمیی بارانبارین، ئاوی دەریاچە و روبار و بەنداوەكانی عێراق كەمبوونەتەوە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكەش، ناوەڕاستی ئەم مانگە عێراق و توركیا دەست بە گفتوگۆ دەكەن.
عەون دیاب، راوێژكار لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایگەیاند، لە بەنداوەكانی عێراق، بەتایبەت بەنداوی موسڵ و عەمباراوەكانی تر، بڕی ئاوی گلدراوە كەمی كردووەو بەرهەمی گەنم و جۆش لەم وەزرەدا پێویستیی بە ئاودان هەیە.
وتیشی، عێراق كێشەی كەمیی بەردانەوەی ئاوی لەو سەرچاوانەوە هەیە كە لە دەرەوەی عێراقەوە دێن، بەتایبەت لە توركیاوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەمنزیكانە، وەفدی بەغداو ئەنكەرە لەسەر بنەمای سەردانەكەی ئەمدواییەی مستەفا كازمی بۆ ئەنكەرە لەسەر دۆسیەی ئاو كۆدەبنەوە.
پێشتریش مەهدی حەمدانی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایگەیاندبوو كە بەغدا و ئەنكەرە لە 15ی ئەم مانگەدا لەسەر دۆسیەی ئاو كۆدەبنەوە و گفتوگۆ دەربارەی ئەو دەستپێشخەرییەی عێراق دەكەن كە سەبارەت بە بەنداوی ئەلیسۆ پێشكەشی توركیای كردبوو تا بە یەكجاری كۆتایی بە كێشەی ئاوی نێوان هەردوو وڵات بهێنرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP