هاوپەیمانان كاروانێكی پێداویستیی سەربازیی بەخشییە پێشمەرگە

کوردستان
13:33 - 2021-01-07

هاوپەیمانان كۆمەڵێك پێداویستیی سەربازیی بە تایبەتی ئۆتۆمبێل پێشكەشی وەزارەتی پێشمەرگە كرد، جێگری فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكاش لەعیراق رایگەیاند، لەداهاتوودا ئەو هاوكارییانە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند: ئەمڕۆ 7ی 1ی 2021 بەئامادەبوونی كۆڵۆنێڵ ولیام یاریدەدەری  جێگری فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و عەمید شێرزاد ئەسعەد سەرۆكی لیژنەی وەرگرتنی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان لە وەزارەتی پێشمەرگە، رێورەسمی ئیمزاكردنی گەیاندنی پێداویستیی سەربازیی لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

رونیشیكردوەتەوە: بڕیارە سەرجەم ئەو پێداویستیانە بەسەر لیواكانی سەربە وەزارتی پێشمەرگە دابەش بكرێت.
كۆڵۆنێڵ ولیام یاریدەدەری جێگری فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق  لەبارەی ئەو هاوكارییانە رایگەیاند: ئەوەی ئەمجارە پێشكەشی وەزارەتی پێشمەرگەمان كرد كۆمەڵێك پێداویستی سەربازی بوو، بەتایبەتی ئۆتۆمبێل، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو هەماهەنگیەی لە نێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە دا هەیە.
ئەوەشی وتوە: بەئامانجی دابینكردنی پێداویستیە سەربازییەكان لە داهاتوو ئەو هاوكاریانە بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن.
لای خۆشیەوە عەمید شێرزاد ئەسعەد سەرۆكی لیژنەی وەرگرتنی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندوە: ئەمڕۆ جارێكی دیكە كۆمەڵێك پێداویستی سەربازیمان لە هاوپەیمانان وەرگرت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوكاریانەیە كە هاوپەیمانان پێشكەشی وەزارەتی پێشمەرگەی دەكەن.
دەشڵێت: سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانان دەكەین بۆ ئەو پاڵپشتیانەی لە وەزارەتی پێشمەرگەی دەكەن كە ئەمڕۆ بۆ هێزەكانی پێشمەرگە زۆر پێویستە، هیوادارین بەردەوام بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP