سەلاحەدین دەمیرتاش پشتیوانیی لە خوێندكارانی زانكۆی بۆسفۆر دەكات

کوردستان
15:26 - 2021-01-07

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) پشتیوانی و پاڵپشتی خۆی بۆ خوێندكارانی زانكۆی (بۆسفۆڕ) راگەیاند كەخۆپیشاندانیان لەدژی سەرۆكی زانكۆكەیان ئەنجامداوە كە پێشتر بەرپرسێكی پێشووی پارتی دادپەوەری و گەشەپێدان(ئاكەپە) بووە.
دەمیرتاش كە ماوەی 4 ساڵە لەزینداندایە، لە تویتێكیدا كە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە، راشیگەیاندووە، لێرەدا، بە هاوارەكانتان عەرشی زۆر شوێنتان لەرزاند، كێ‌ دەزانێت دەبێت عەرشی كوێی تر بلەرزێنێت؟
خوێندكارانی زانكۆی بۆسفۆڕ خۆپیشاندانیان لەدژی ئەو بڕیارەی رجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا ئەنجامدا كە لەمەرسومێكی كۆماریدا كە رۆژی شەممەی رابردوو بڵاوكرایەوە، بڕیاریدا مەلیح بۆلۆ، كە هەڵگری بڕوانامەی دوكتۆرایە لەبواری كارگێڕیدا، بۆ سەرۆكی زانكۆی بۆسفۆڕ لەئەستەنبوڵ دابمەزرێنێت.
تا ئێستا دەسەڵاتداران لە توركیا بەهۆی بەشیداریكردنیان لەخۆپیشاندانەكاندا، دەیان خوێندكاریان لەزانكۆی بۆسفۆڕ دەستگیركردووە. 
هەر پەیوەست بەم پرسە، ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆكی حزبی ئاییندەی بەرهەڵستكار، نیگەرانی خۆی راگەیاندووەو رەخنەی لە سەرۆكی توركیا گرتووە بەوەی كەسێكی بەسەرۆكی زانكۆی بۆسفۆڕ دامەزراندووە كە لەحزبی دادپەروەری و گەشەپێداندا چەندین ئەركی حزبی هەبووەو پاڵێوراوی پێشووی ئەو حزبە بووە بۆ پەرلەمانی توركیا.
داود ئۆغلۆ لەتویتێكیدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر راشیگەیاندووە، زانكۆكان جێیەكی بێ‌ گیان نین، هەرێمی عاقڵمەندەكانە و پێویستییان بە ئازادی هەیە.
هەر لەو بارەیەوە، ئەندامانی دەستەی خوێندن لەزانكۆی بۆسفۆڕ جەختیانكردەوە كە ئەوە بۆ یەكەم جارە لەدوای كۆدەتا سەربازییەكەی ساڵی 1981 لەتوركیا كەسێكی وەك بۆلۆ لەدەرەوەی زانكۆ بۆ سەرۆكایەتی زانكۆ دادەمەزرێنرێت.

ئەو ئەندامانەی خوێندن لەزانكۆی بۆسفۆڕ راشیانگەیاندووە كە بەو بڕیارەی حكومەتی توركیا رازی نابن، چونكە ئەوە پێشێلكارییەكی زەقە دەرهەق بەئازادی ئەكادیمیی و سەربەخۆیی زانستی و بەها دیموكراتییەكانی زانكۆ دەكرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP