بەبۆنەی یادی دامەزراندنی رۆژنامەی كوردستانی نوێوە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بروسكەیەكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرنووسەرو سكرتاریەتی نووسین و ڕۆژنامەنووسان و كارمەندانی ڕۆژنامەكە دەكات كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بەڕێزان سەرنووسەرو سكرتاریەتیی نووسین و ڕۆژنامەنووسان و كارمەندانی ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ، بە بۆنەی یادی بیستونۆیەمین ساڵڕۆژی دەرچواندنی ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ-وە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ ئەكەم.
دەرچوواندنی ڕۆژنامەیەكی ڕۆژانەی وەك ئەم ڕۆژنامەیە، سەرباری ئەوەی داهێنانێكی بێ وێنەی ڕاگەیاندنی ی.ن.ك بوو لەو سەردەمەدا، دەستكەوتێكی مەزنیش بوو بۆ ڕۆژنامەگەریی كوردیی و بواری ڕوناكبیری و ئەدەبی، بۆیە هەر زوو ژمارەیەكی بەرچاوی روناكبیران و ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی كۆكردەوە بە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسییانەوە، بەوەی فەزایەكی بێ وێنەی ئازادیی بیروڕادەربڕینی هێنابووە ئاراوە.
هیوادارم ڕۆژنامەكەتان هەر لە پێشكەوتن و گەشەدا بێت و هەروەك هەموو قۆناغەكان، بەشدارێكی بەرچاو بێت لە خستنەڕووی راستییەكان و ڕەخنەی بنیادنەر، هەمیشە پرەنسیپی چەپكە گوڵەكە تیادا ڕەنگ بداتەوە لە نووسین و بابەتەكانیدا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP