جەخت لە مسۆگەركردنی مافەكانی هاوڵاتیانی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2021 عیراقدا كرایەوە

عێراق
13:22 - 2021-01-12


د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 12-1-2021، لە كۆشكی به‌غداد، پێشوازیكرد لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی هیوای كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووری عیراق و كوردستان و كێشە كەڵەكەبووەكان گفتوگۆكرا.
لەو دیدارەدا بەگرنگییەوە باس لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كرا و جەختكرایەوە لە رەخساندنی كەشێكی گونجاو و لەبارو گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردەنەكان دوور لە ساختەكاری و فرتوفێڵ و گوشار.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەپێویستی خستنەگەڕی گشت هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و كۆتایی هێنان بەم دۆخە نالەبارە، هاوكات جەختیشكرایەوە لەوەی گرنگە بودجەی گشتی ساڵی 2021 مسۆگەركردنی مافەكانی تەواوی خەڵك بكات بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیشەوە.
هەر لە دیدارەكەدا سەرۆك بەرهەم دووپاتیكردەوە لەپێویستی درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەر و جددی و هێنانەكایەوەی خواستی هاوبەش بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی خەڵك لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر لەبارەی دۆسێی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەك مافێكی دەستووری رەوا، لەسەر بنەمای پاراستنی مافی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عیراق و هەرێمی كوردستان و جیاكردنەوەی مووچەی خەڵكی كوردستان لە ململانێ سیاسییەكان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP