وەزیری پێشمەرگە: سیاسەتی تەعریب قبوڵكراو نییە

کوردستان
15:15 - 2021-01-12


وەزیری پێشمەرگە رایدەگەیەنێت: عەقلیەتی شۆڤێنیی هەندێ كەس و لایەن وایكردووە،‌پڕۆسەی بەعەرەبكردن و كۆچی زۆرەملێی دانیشتوانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشێوەیەكی مەترسیدار دەستیپێكردوەو، ئەمەشمان گەیاندۆتە بەرپرسانی سوپای عیراقی لەو ناوچانەدا، كە رێگربن و رێگە نەدەن بە كارو كردەوەی لەجۆرە بەردەوام بێت.
ئەم وتانەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 12ی 1ی 2021 لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بوو لەگەڵ تۆم هاید، بەرپرسی كاروباری سیاسیی بۆ ناوچە ناكۆكان لەكونسوڵخانەی بەریتانیا و وەفدێكی یاوەری لەهەولێر.
بەرپرسی كاروباری سیاسی لەكونسوڵخانەی بەریتانیا، ئاماژەی بەوەكرد، لە خراپی دۆخی كوردنیشینانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ئاگادارن و دەیانەوێت رۆڵی خۆیان ببینن لەهێوركردنەوەی دۆخەكەو پاراستنی ئارامی و پێكەوەژیانی گەلان لەو ناوچانەدا.
وەزیری پێشمەرگە، روونیكردەوە: گەلی كوردستان و حكومەتی هەرێم هەمیشە پارێزەری بنەماكانی ئاشتی و پێكەوەژیانی نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكان بووە، لەماوەی رابردووش بەهۆی بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لەوناوچانە رێگە لەو عەقلیەتە گیراوەو، تەواوی پێكهاتەكان بەكورد، عەرەب، توركمان و مەسیحیەكان و تەواوی نەتەوەكان  پارێزراوبوون، جگە لەسەلامەتی ئاسایشی و سەقامگیری ئەو ناوچانە، وتیشی: بەپێی دەستووری عیراقی، نابێ و ناكرێ سوپای نوێی عیراقی لایەنداری و دەستوەردان لەم پرسەدا بكات.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری پێشمەرگە داوایكرد، وەك بەریتانیا هاوشان لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ رۆڵی خۆیان بگێڕن لەراگرتنی ئەو زوڵم و ستەمەی لەدانیشتوانی ئەو ناوچانە دەكرێت، كە پەیوەندی برایەتی و پێكەوەژیانی لەمێژینەی نەتەوەو پێكهاتە جیاجیاكانی ئەو ناوچانە دەخاتە مەترسییەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP