ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١/١٢ لە كۆشكی بەغداد د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبوونەوە و سەبارەت بە دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری عیراق و دۆسێی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو گفتوگۆیانكرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق جەختیان كردووەتەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی دۆسیی داراییە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی پاراستنی مافی سەرجەم مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەكان.
هەروەك، پێویستیی چەسپاندنی سەقامگیریی وڵات و پارێزگاریكردن لە ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و پاراستنی مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەكان و جێبەجێكردنی یاسا لە پێناو هێنانەدی ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دووپاتكرایەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەكەدا تەئكیدكرایەوە، لە خستنەگەڕی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پشتیوانی و بەهێزكردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی خاوەن توانا و سەروەری و پاراستنی ماف و ئاسایشی هاووڵاتیان و رێگریكردن لەو كارانەی لە دەرەوەی یاسان و رێكخستنەوەی چەك لە دەرەوەی یاسا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كرا، وەك ئەركێكی دیموكراسی و دەستووری لە وڵات، بەتایبەتی تریش وەك داواكارییەكی جەماوەری و نیشتمانی رەوا، بە ئاڕاستەی هەنگاونان بەرەو چاكسازیی و گۆڕانكاریی بنەڕەتی، هەروەها وەك وەڵامدانەوەی راستەقینەی دواكارییەكانی گەل، بۆ هێنانەكایەوەی پەیمانێكی سیاسی نوێ و خزمەتكردنی خەڵك و هێنانەدی ئاشتییانەی چاكسازی ریشەیی، بە بەشداری بەرفراوانی هەمووان.
لەو روانگەیەوە بەشداربووانی كۆبونەوەكە جەختیانكردەوە لە پێویستیی كاركردنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی وڵات و هێزە سیاسی و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان بۆ پشتیوانیكردنی سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە رێگەی رێگریكردن لە ساختەكاری و فرتوفێڵ، بەجۆرێك هەڵبژاردنەكان ببێتە جێی خواستی گەلی عێراق لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی راستەقینەیان و دوور لە گوشار.
هاوكات ئامادەبووانی كۆبونەوەكە ئاماژەیانكرد بەپێویستیی رەچاوكردنی پاك و بێگەردیی و شەفافی هەڵبژاردنەكان لە تەواوی قۆناغەكانی بەڕێوەچوونی دا، بە هەماهەنگی و چاودێریكردنی بە شێوەیەكی ورد لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەكان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو سەبارەت بە تێپەراندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەجۆرێك مافی هەموو هاووڵاتیانی عێراق بپارێزێت بێ جیاوازی، هەروەها رێگری بكات لە لێكەوتەكانی دۆخی دارایی لەسەر بارودۆخی ئابووری وڵات كە هاتووەتە ئاراوە، بە تایبەتی پاراستنی چین و توێژە كەمدەرامەتەكان كە سەرچاوەی داهاتیان سنوردارە، جەختیشكرایەوە لە گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو لە نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی دۆسیی داراییە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی پاراستنی مافی سەرجەم مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەكان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP