یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانیی لە كوردانی فەیلی دووپاتدەكاتەوە

عێراق
16:54 - 2021-01-12



دوكتۆر مەجید موحەمەد ئەمین، لێپرسراوی پەیوەندییە عیراقییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 12ی كانوونی دووەم، بە ئامادەبوونی رابیجە حەمەد، لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی بەغدا و ئەندامانی نوسینگەی پەیوەندییە عیراقییەكان سەردانی بارەگای بەرەی كوردانی فەیلییان كرد.


وەفدی پەیوەندییە عیراقییەكان لەمیانی سەردانەكەیاندا بۆ بارەگای بەرەی كوردانی فەیلی، لەلایەن ماهیر فەیلی، ئەمینداری گشتی بەرەی كوردانی فەیلی و نوێنەرایەتی كۆمەڵەی ئازادی كوردانی فەیلی و كۆمەڵەی ئاشتی كەڕو لاڵەكان و رێكخراوی زیندانیانی سیاسیی فەیلییەكان و بەرپرسانی ئاژانسی هەواڵەكانی فەیلی نیوزەوە پێشوازییان لێكرا.


لە دیدارەكەدا ئەو هەوڵانە تاوتوێكران كە بەرەی كوردانی فەیلی داویانە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانیان لەڕێگەی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنەوە.


لای خۆیانەوە وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسیان لەڕۆڵ و خەباتی كوردانی فەیلی كرد و جەختیان كردەوە كە ئەركی یەكێتیی نیشتمانییە پاڵپشتی و پشتیوانی لە كوردانی فەیلی بكات، ئاماژەشیان بەوە كرد كەكوردانی فەیلی بەشێكن لەگەلی كوردو خاوەنی یەك ناسنامەن جا چ لەناو هەرێم بن یاخود لەدەرەوەی هەرێم، هەروەها جەختیانكردەوە كە لەسەر رێبازەكەی رابەری مەزن و سەرۆكی كۆچكردوو مام جەلال دەبن لە پیشتوانیكردنییان لەكوردانی فەیلی.


پەیوەست بەم پرسە، هەردوو لا ئاماژەیاندا بەگرنگی هاریكاری و هاوكاری هاوبەشی نێوانیان، هەروەها هەردوو لا لەسەر ئەوە رێككەوتن بەردەوامی بە دیدارو كۆبوونەوەكان بدەن و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلدا هەڵویست و دیدگایان یەكبخەن.


لەكۆتایی دیدارەكەدا، بەرەی كوردانی فەیلی سوپاسگوزاری خۆیان بۆ وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی دەربڕی سەبارەت بە دەستپێشخەرییە جوانەكەیان و گیانی برایەتییەیان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP