وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان: نامانەوێت چیتر دابەشكردنی مووچە ببێتە هەواڵی بە پەلە

کوردستان
15:47 - 2021-01-13


وتەبێژی حكومەت رایگەیاند: دەمانەوێت چیتر دابەشكردنی مووچە نەبێتە هەواڵی بەپەلەو لەمەودوا حكومەت بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستییەتی مووچە دابەشدەكات.
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی كاتی دابەشكردنی مووچەش رایگەیاند: ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی مووچە كراون، بەمنزیكانەش حكومەت و وەزارەتی دارایی كاتی دابەشكردنی مووچەو بڕی ئەو مووچەیەی بەلێبڕینەوە دابەشدەكرێت رادەگەیەنن.
وتشی: دەمانەوێت چیتر دابەشكردنی مووچە نەبێتە هەواڵەی بەپەلەو وەك حكومەت بڕیارمانداوە هەموو داهاتە نەوت و نانەوتییەكان بگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی و چاوەڕێی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەیوەندیدار دەكەین كە بۆ پێدانی مووچە هەموو رێكارێك بگیرێتەبەر.
رونشیكردەوە: لەمەودوا حكومەت بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستییەتی مووچە دابەشدەكات، ئێمە لەگەڵ وشەی لێبڕین نین، لەگەڵ  پێدانی ئەو داهاتەین كە لەبەردەستی حكومەتە، لەگەڵ وەزارەتی داراییش بڕیارمانداوە بەپێی داهات بودجە ئامادە بكرێت. 
لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەت لەبارەی ئەوەی چیتر  دابەشكردنی مووچە نەبێتە هەواڵی بەپەلە، لەكاتێكدایە كە رۆژی 5ی تەموزی 2015ش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عیرفان عەبدوللعەزیز رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران رایگەیاند:هەموو هەوڵكیمان بۆ ئەوەیە موچەی فەرمانبەران بدەین، بۆ ئەوەی چیتر موچەی فەرمانبەران دوانەكەوێت، ئەم بابەتە نەبێتە هەواڵ كە مژدەبێت موچە هات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP