ئەمڕۆ شەممە رۆژنامەی لەفیگارۆ لە راپۆرتێكیدا تیشكی خستۆتەسەر پلانەكانی سەرۆكی توركیا لە 2021 و بەساڵی فراوانخوازی هەرێمایەتی ناوی دەبات.
رۆژنامەی لەفیگارۆی چاپی فەڕەنسی بڵاویكردۆتەوە رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا درێژە بەپلانی فراوانخوازی دەدات و 2021 یش ساڵی فراوانخوازی هەرێمایەتی ئەردۆگان دەبێت كە دەستێوەردانی سەربازیی وڵاتەكەی لە 2020 لە سوریا و لیبیا و قەوقاز بێئاگای كردوەو بەئاراستەی كردنەوەی بەرەیەكی نوێ دەچێت لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
رۆژنامە فەڕەنسییەكە نوسیویەتی ئێستا ئەردۆگان چاوی بڕیوەتە عیراق و بەلای ئەوەوە هیچ شتێك نەماوە رایبگرێت، تەنها بەهێرشە ئاسمانییەكانی بۆ ناوچە كوردییەكان لە باكوری عیراق ناوەستێت كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردوو كاتێك پارتی كرێكارانی كوردستان شەڕی لەدژی هەڵگیرساند.
رۆژنامەی لەفیگارۆ رایگەیاندوە ساڵی رابردوو پرۆسە سەربازییەكانی توركیا لە ژێر ناوی جۆراو جۆر چڕبونەوە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی گەورەتر لەمانگەكانی داهاتوودا و داگیركردنی خاكی عیراق و دامەزراندنی بنكەی سەربازیی هەمیشەیی بەبیانوی پاككردنەوەی ناوچە سنورییەكانی نێوان توركیا و عیراق لە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP