كۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتێكی سەبارەت بەهەناردەو داهاتی نەوتی هەرێم بڵاوكردۆتەوەو تێیدا ئاشكرایكردوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 9 مانگی 2020دا كۆی ئەو داهاتەی لە فرۆشی نەوت دەستیكەوتوە زیاتر لە 918 ملیۆن دۆلار بووەو بەتێكڕاش داهاتی مانگانەی هەرێم لەفرۆشی نەوت 102 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ئەو كۆمپانیانەی نەوتەكەیان گواستۆتەوە 710 ملیۆن دۆلاریان دەستكەوتوە.
بەپێی راپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆت دەربارەی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێم لە ماوەی 9 مانگی 2020دا حكومەتی هەرێمی كوردستان 118 ملیۆن و 997 هەزارو 553 بەرمیل نەوتی فرۆشتوەو كۆی داهاتەكەشی 3 ملیارو 176 ملیۆن و 136 هەزارو 721 دۆلار بووە.
راپۆرتەكە سەبارەت بە خەرجییەكانی فرۆشتنی نەوت رایگەیاندوە هەرچەندە داهاتی ئەو 9 مانگەی فرۆشتنی نەوت 3 ملیارو 176 ملیۆن و 136 هەزارو 721 دۆلار بووە، بەڵام 2 ملیارو 258 ملیۆن و 21 هەزارو 362 دۆلار خەرجی بووە، بەشێوەیەك تێچووی گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە 5 دۆلارو 96.3 سەنت بووەو لەو بڕەش 3 دۆلارو 82.5 سەنتی دراوە بەكۆمپانیای بۆری كوردستان واتە (كار گروپ)، هەروەها 2 دۆلارو 13.8 سەنتیش دراوە بەتوركیا كە بەهەردوولا لەماوەی 9 مانگدا نزیكەی 710 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە لەماوەی 9 مانگی 2020دا بەتێكڕا ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێم فرۆشتویەتی بەرمیلێكی بە 26 دۆلارو 34.8 سەنت فرۆشتوەو 13 دۆلارو 50 سەنت كەمتر لەنرخی نەوتی برێنت فرۆشراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP