هاوسەرۆکانی یەکێتیی و کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە

کوردستان
12:24 - 2021-01-19


ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ـی١ـی٢٠٢١، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازییان کرد لە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدی هاوڕێی.
لە دیدارێکدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرا لەبەر ڕۆشنایی پێشهات و ڕووداوەکانی ئێستا و پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکانیش دووپات کرایەوە بە ئامانجی سازکردنی دیالۆگی جدی و لابردنی بەربەستەکان.
هاوسەرۆکانی یەکێتیی جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان و پاراستنی ئارامی ناوچەکە.
تەئکیدیشیان لە جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی کردەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە حکومەت، هاوکات بە خاڵێکی گرنگیان لە قەڵەمدا بۆ بەهێزکردنی حکومەت و پاراستنی زیاتری قەوارەی هەرێمی کوردستان و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم.
ئامادەیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیشیان دووپات کردەوە بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی و پاراستنی یەکڕیزیی لە نێوان هێز و لایەنەکان.
هاوسەرۆکانی یەکێتیی داوایان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کۆتایی هێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور بە جۆرێک کە مافەکانی هاووڵاتییانی تێدا پارێزراو بێت و چیتر ڕێگە نەدرێت قوت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسییەکان بکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک پارێزراو بێت.
کونسوڵی گشتی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامی هەوڵەکان و یارمەتیدان و هاوکاریکردنی لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.
راشیگەیاند کە وڵاتەکەی لە ڕووی پێداویستی پزیشکی و کەرتی تایبەتەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکەن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP