نۆستالیژیای کتێب ئابوری رۆمانسی

کلتور
10:20 - 2022-08-04

نۆستالیژیای  کتێب
ئابوری رۆمانسی
دەمێکە وەرگێرانی کتێبی لبیب شقیر لەسەر مێژووی بیری ئابووری لە کتێبخانەکەم شوێنی گرتووە. دیاری برام فەیسەڵ عەلییەو  چەند ساڵە چاپ بووە و لەسەرەتا زۆرم پێداچوونەوە تێداکرد و ھەروا مایەوە. ئەم دوو رۆژە گوتم با بەیادی جارانەوە تەواوی بکەم. بیری ئابووری و مێژووی رەوتە ئابوورییەکان وەك لە کتێبەکەی لبیب شقیر ھاتووە جاران ئەوەندە خۆشەویست بوو شانی دەدا لە خۆشەویستی رۆمان ودیوانی رۆمانسیی شاعێران.  کتێبەکە خۆی مەنھەجی  کۆلیژی ئابووریمان بوو، بەس چونکە حەزمان پێ بوو لە قەلبمان سووک و خۆش بوو. 
ئەدەبیاتی فیکری ئابووری بۆ چەپ مەزھەبانی قەدیم واجبێکی رۆشبیری و سیاسیش بوو. بە وێنەی دەرسەکانی ژمێریاری و ئامار نەبوو کە کۆلیژی ئابووری وەك بەشی ماتماتیک و کۆلیژی بازرگانی لێ کردبوو. لە بیری ئابووریدا ھەستمان دەکرد لە کۆمەڵناسی و زانستە مرۆییە دڵخوازەکانی خۆمان نزیکدەبینەوە. کەمێکیش لە خۆمان رازی دەبووین کە گوایە فیکر و رێبازی ئابووری سیاسیی دەخوێنینەوە. کتێبی مێژووی بیری ئابووری وابوو کە ھاوسەنگ و چڕوپڕ و گشتگیربوو. سەری لەھەموو خوێندنگە ئابوورییەکان دەدا و شتێك بوو ئەنسکلۆبیدیایەکی ئابووری سیاسیی. ئێستا کە ئەم دەقە دێرینە بەسەر دەکەمەوە دەبینم ھێشتا زیت و زیندووە  و بەشی ھیلاکی خوێندنەوەی پێوەیە. زیاتریش دڵم بە زمانی وەرگێڕانەکەی کاک فەیسەڵ خۆشە کە سەھلی موممتەنیعە. دەستخۆشی لێ  دەکەم وەكو جۆن ناوی لەرەوتی رۆژنامەوانی ئابووریدا دیارە ، ماندووبوونی لە کایەی وەرگێڕانی ھەمان ئەدەبیاتیشا شایانی دەستگوشینە. دەمێکە میدیا و حزیایەتی لە ئەوینی ئەوەڵین و سەرەتا، زانستی ئابووری ، دووری خستبوینەوە، فەیسەڵ بەم کارەی برینی دێرینی کولاندەوە.   ھاتەوە بیرمان لەم رێیەدا دەروێشی ئابووری سیاسیی مارکس و ناوەکانی مۆریس دیب و ئۆسکار لانگە و شۆمپیتەر و تەڵال كداوى و ئەحمەد سادق سەعەد و ئلیاس مەرقەس و عیدەیەکی تری  ئابووری زانی سەنگین بووین.
ستران عەبدوڵلا

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP