نۆ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شێركۆ بێكەس شاعیر داهێنەر و خوڵقێنەری جوانی تێدەپەڕێت

کوردستان
12:43 - 2022-08-04

ئەمڕۆ 4-8-2022 نۆ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی مامۆستا شێركۆ بێكەس شاعیر داهێنەر و خوڵقێنەری جوانی تێدەپەڕێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی بە هاوبەشی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە نۆهەمین ساڵیادی كۆچی دوایی شێركۆ بێكەس چەندین چالاكی پێشكەش دەكەن.
بڕیاریشە سەعات 6 ئێوارەی ئەمڕۆ لە پاركی ئازادی بە ئامادەبوونی شاعیر و نووسەر و ئەدیب و هۆگرانی شیعر چالاكییەكان دەستپێدەكات.
شێركۆ بێكەس ناسراو بە شاعیری بە هەڵوێست، بەجۆرێك كاتێك ڕووداوێك یان كارەساتێك بەسەر میلەتەكەیدا دەهات، خێرا بە هەڵبەستێك دەنگی خۆی دەخستە پاڵ گەلەكەی و دوای مردنی و دەنگێك نەما لە دۆخێكی وەكو هاتنی داعش و بە كەنیزە بردنی كچ و ژنەكانی ئێزدی بە هەڵبەست خەمی خۆی بۆیان دەربڕێت.
شێركۆ بێكەس، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك ژێكانی دەنگی تێكدەچێت‌ و دەنگی دەنوسێت، رۆژی (17)ی نیسانی (2013)، لە سلێمانییەوە گەیەنرایە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، سەرجەم ئەو پشكنینانەی پزیشكە تایبەتییەكانی بۆیان كردووە ئەوەیان پیشانداوە كە هونەرمەند یەكێك لە ژێكانی قوڕگی تووشی پسان بووە، بەهۆی ماندوبوونی زۆرەوە.
جگە لەوەی سییەكانیشی بەهۆی زۆری كێشانی جگەرەوە توشی شێرپەنجە بوو بوو، بە ئەستەم قسەی بۆ دەكرا، بەڵام رۆشتن‌ و خواردن‌ و هەڵسوكەوتی رۆژانەی ئاسایی بوو، تا ئەوكاتەی تەندروستی تاڕادەیەك تێكچو‌و پزیشكەكان رایانگەیاند: كە باری تەندروستی تێكچوە‌و ناجێگیر بووە.
شێركۆ بێكەس، كوڕی‌ شاعیری‌ ناسراوی‌ كورد فایەق بێكەسەو لە 2-5-1940 لە شاری‌ سلێمانی لەدایكبووە‌، شاعیرێكی گەورەی كوردە، لەگەڵ چەند نوسەرێكی تردا لە حەفتاكانی سەدەی رابردودا رەوتی روانگەیان دامەزراندووە، كە بە یەكێك لە گروپە چالاكەكانی بواری ئەدەبیاتی كوردی لەسەدەی رابردودا دادەنرێت.
ناوبراو خاوەنی زیاتر لە (30) كتێبی شیعرییە، بەشێك لە شیعرەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی "عەرەبی‌ و توركی‌ و فارس ی‌و ئینگلیزی‌ و سويدی‌ و دانیماركی‌ و فەرەنسی‌ و ئیتالی‌ و ئەڵمانی‌ و هەنگاری‌) دوا كاریشی بەڕێوەبەری دەزگای چاپ‌ و پەخشی سەردەم بووە لە شاری سلێمانی.
شێركۆ بێكەس بە یەكێك لە تازەگەر‌و شاعیرە بەناوبانگەكانی شیعری كوردی ناسراوە، دەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی لە بواری شیعردا وەرگرتوە، دیارترینیان لە ساڵی 1998 لە سويد خەڵاتی توخۆلسكیی پێ بەخشراوە، كە یەكێكە لە خەڵاتە گەورەكانی بواری ئەدەبیات لە جیهاندا، بە یەكێك لە شاعیرە نوێخوازەكانی‌ ھاوچەرخی‌ كورد دادەنرێت.
شێركۆ بێكەس لە ساڵی 1965 لە دەنگی كوردستان كاریكردوەو لە ساڵی 1986 پەیوەندی كردووە بەڕیزەكانی پێشمەرگەوە، بەهۆی خەبات و كوردایەتییەوە لە لایەن بەعسەوە  ناچاركراوە وڵات جێبهێڵێت و بەرەو وڵاتی سوید رۆشتووە.
دوابەدوای راپەرینەكەی ساڵی 1991 گەڕایەوە كوردستان و وەك ئەندام پەرلەمان هەڵبژێرا، لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێم بوو بە وەزیری رۆشنبیری، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی لە بەڕێوەچوونی كاروباری وەزارەتەكەی تەنها ساڵێك لە پۆستەكەیدا مایەوەو دەستی لەكاركێشایەوە.
دواتر گەڕایەوە وڵاتی سویدو لە ڕێگەی دامەزراندنی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بەردەوام بوو لە خزمەتكردنی ئەدەب و رۆشنبیرانی كورد.
بەداخەوە لە 4ی ئابی ساڵی 2013 لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە دەرەوەی وڵات بەهۆی نەخۆشییەوە، دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوتوو كەلێنێكی گەورەی لە ئەدەب و شیعری كوردیدا دروستكرد.
پێش گیان لەدەستدانیشی وەسێتی كرد لە شاری سلێمانی و یەكێك لە شوێنە گشتییەكانی شارەكەدا بە خاكی بسپێرن.
وەسێتانامەكەی
"من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد‌و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن ‌و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە‌و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی‌و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبدا‌و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا‌و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (1963)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە‌و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكە‌و ژن‌ و پیاو‌ی شارەكەم‌‌ و دەنگی مۆسیقا‌و گۆرانی‌ و هەڵپەڕكێ‌‌ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم.


 با كتێبخانەكەم‌ و دیوانەكانم‌ و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك‌‌ و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆئەوەی شاعیران‌‌و نو‌سەران‌‌و كچ‌و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم‌‌و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان‌و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان‌و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ‌و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم‌‌و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ‌و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە‌و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP