بە بۆنەی تێپەڕبوونی حەڤدەساڵ بەسەر دامەزراندنی ماڵپەڕی رەسمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (PUKmedia)، پیرۆزبایی گەرم لە سەرنووسەر و یەك بە یەكی ڕۆژنامەنووس و كارمەندانی ئەو ماڵپەڕە ئازیزە دەكەم و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم، بەو هیوایەی ماڵپەڕەكەتان هەمیشە لەسەر شاڕێی سەنگینی خۆی بەردەوام بێت و وەك ئەستێرەیەكی گەش بە درەوشاوەیی لە ئاسمانی ڕاگەیاندنی كوردیدا بمێنێتەوە.
كاركردنتان بە پرۆفیشناڵی و بە پەیڕەوكردنی ڕاستگۆیی و بابەتی و پیشەییبون و ڕەچاوكردنی یاسا و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەكاندا ماڵپەرەكەی كردووەتە سەكۆیەكی گرنگی میدیایی باوەڕپێكراو بۆ وەرگرەكانی و سەرچاوەی زانیاریش بێت بۆ ناوەندە میدیاییە ناوخۆیی و جیهانییەكان.
لە كاروانی میدیای كوردی و پێگەیاندنی كادری لێهاتوو و بەتوانا خزمەتێكی باشی بە میدیای كوردی كردووەو لەڕووماڵەكانیشیدا سەرباری خزمەتكردنی وەك ناوەندێكی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پێشەنگ بووە لە پاراستنی كلتوور و بەها باوەكانی كۆمەڵگە و وەك میدیایەكی نیشتیمانی كاری كردوە.
هیوادارم ماڵپەڕەكەتان وەك یەكێك لە ئامڕازەكانی میدیای نوێ كە ئێستا پانتاییەكی گرنگی لە كاری ڕۆژنامەوانی داگیركردووە خۆی لەگەڵ كاركردنی میدیای سەردەم بگونجێنێت و لە گواستنەوەی پەیام و هەواڵ و زانیارییەكانیشدا بەرپرسیارانە ڕۆڵی هەبێت لە ئاڕاستەكردن و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە لە سەرجەم بوارەكاندا.
دووبارە هەڵگیرسانی مۆمی هەژدەیەمین ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕەكەتان پیرۆزبێت.
هەر شاد و سەركەوتوو بن
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP