ئاگر له‌ گه‌وره‌تیرین ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسین له‌ جیهاندا كه‌وته‌وه‌

جیهان
17:06 - 2021-01-21

ئاگر لە باڵەخانەی پەیمانگای "سیرۆم ئینیستیوت ئۆف"ی هیندستان کەوتەوە کە گەورەترین ناوەندی بەرھەمھێنانی ڤاکسینە لە جیھاندا.
بە پێی زانیاریەکانى بەرپرسانی تەندروستيی ھیندستان، کۆگای ھەڵگرتنی ڤاکسینەکان زیانيان بەرنەکەوتوە و ئاگرەکە لە بەشێکی تەواونەکراوی بیناکەدا کەوتوەتەوە کە لە ئێستادا لە هەوڵی بيناكردنیدان.
میدیاکانی هیندستان رایانگەیاند، تا ئێستا ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نازاندرێت و مەترسی ئەوە ھەیە ئەو روداوە زیان بە پلانی زیادکردنی بەرھەمھێنانی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بگەیەنێت.
بەرپرسانی هیندستان ئاماژەیان بەوەکردوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سێ کارمەندی ئینیستیوتەکەیان رزگارکردوە و ئاگرەکە ھیچ قوربانییەکی گیانی لێنەکەوتوەتەوە.
پەیمانگای "سیرۆم ئینیستیوت ئۆف" گەورەترین ناوەندی بەرھەمھێنانی ڤاکسینە لە جیھاندا گرێبەستێکی بۆ بەرھەمھێنانی یەک ملیار ژەم لە ڤاکسینی زانکۆی ئۆکسفۆرد و ئاسترازینیکای بریتانی واژۆ کردوە.
لە 10-ی (کانونی دوەم/1)ی ئەمساڵ هیندستان گەورەترین هەڵمتی کوتانی دەست پێکرد و 3000000 (سێ ملیۆن) کەس بە ڤاکسینی کۆرۆنا  کوتران.

 توشبون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هیندستان گەیشتوه‌ته‌ 10618062  ( دە ملیۆن و شەش سەد و هەشدە هەزار و شەست و دو کەس) لەو ژمارەیەش 152927 (سەد وپەنجا و دو هەزار و نۆ سەد و بیست و حەوت ) کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP