شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەشكەوتێكی داعشیان لە چیای مەكحول بۆردوومانكرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، بەپشتبەستن بە زانیاریی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی لەبارەی بوونی شانەیەكی "تیرۆریستی" لە زنجیرە چیای مەكحول، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 25-1-2021 فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، ئەشكەوتێكی چەكدارانی داعشیان لە زنجیرە چیای مەكحول لە باكووری پارێزگای سەلاحەدین بۆردوومان كرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەشكردووە "دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەكان بەو شوێنەی بەئامانجکراوە، ژمارەی كوژراوانی چەكدارانی داعش رادەگەیەنین".
شەممەی رابردووش فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی حەوت چەکداری داعشیان لە زنجیرە چیای قەرەچووخ و سنووری پارێزگای كەركووك کوشت و 4 تونێلی رێکخراوەکەشیان خاپوور کرد.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP