سەرۆک کۆمار: جیهان و ناوچەکە رووبەڕووی قەیران و ئاڵنگاری هاوبەش دەبنەوە بۆیە پێویستە ھەوڵەکان یەکخرێن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی
د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١/٢٦ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە زبەیدە جەلال، وەزیری بەرھەمھێنانی جەنگی پاکستان و شاندی یاوەری.
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە لە گرنگی بەهێزکردنی هاریکاری دوو قۆڵی لە بواری بەرگری لە نێوان هەردوو وڵات و سود وەرگرتن لە شارەزاییەکانی هەردوو دامەزراوەی سەربازی و پەرەپێدانی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ریگەیاند جیهان و ناوچەکە رووبەڕووی قەیران و ئاڵنگاری هاوبەش دەبنەوە، بەتایبەتی تیرۆر و توندڕەوی و پەرەسەندنی گرژییەکان کە کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری جیهان دەکات، بۆیە پێویستە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان یەکخرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامی جیهانی.
لەلای خۆیەوە وەزیر بەرھەمھێنانی جەنگی پاکستان پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵی و هاریکاری سەربازی دووپاتکردەوە بەتایبەتی پەرەپێدان و راهێنانکردن بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP