عێراق ــ ئه‌مڕۆ زه‌نگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا

کلتور
12:50 - 2022-10-12


بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ، یه‌كه‌م زه‌نگی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن له‌ خوێندنگه‌و قوتابخانەکان له‌ شاری كه‌ركوك و سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق لێدراو مامۆستایان پێشوازیان لە خوێندکارەکانیان کرد.

پێشتر وەزیری پەروەردەی عێراق، عەلی حەمید دلێمی، ڕایگەیاندبو، ساڵی نوێی خوێندن لە ڕۆژی چوارشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2022ەوە ده‌ستپێده‌كات.

وەزارەتی پەروەردەش رایگه‌یاند، "زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی و خوێندكار چوونه‌ته‌وه‌ نێو قوتابخانەو خوێندنگه‌كانیان، هاوكات ژمارەی قوتابیانی قۆناغی یه‌كی سەرەتایی گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار قوتابی".

هاوكات وەزیری پەروەرده‌ داوای له‌ "ئیدارەی قوتابخانەکان و سەرجەم ناوه‌نده‌كانی پەروەردەو فێرکردن کرد، به‌ کەرنەڤاڵی پەروەردەیی پێشوازیی لە قوتابیان و خوێندکاران بكه‌ن.  

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد كه‌، "وەزارەتی پەروەردە داواكاره‌ لە كۆمەڵگەی عێراقی به‌ سەرجەم چین و توێژه‌كانی و دام و ده‌زگاكانییه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ دایكان و باوكانی خوێندكاران، رۆڵی نیشتمانیی خۆیان هه‌بێت و هاوكاری وەزارەت بن لە فەراهەمكردنی كەشێكی تەندروست كە سەقامگیری و ئارامیی ده‌وام كردن لە قوتابخانەكان مسۆگه‌ر بكات و پارێزگاریی له‌ پێگه‌ی مامۆستاو پیرۆزیی پیشه‌كه‌ی بكات" 

له‌ شاری كه‌ركوكیش به‌ به‌شداری نزیكه‌ی 500 هه‌زار خوێندكاری قۆناغه‌ جیاوازه‌كان، له‌نێو ئاهه‌نگ و به‌ سروودی نیشتمانیی پرۆسه‌ی ساڵی نوێی خوێندن راگه‌یه‌ندرا. 
له‌ سنوری ناحیه‌ی قه‌ره‌نجیر له‌ خوێندنگه‌ی سه‌ره‌تای (سه‌ركانی تێكه‌ڵاو)، به‌ ئاماده‌بونی ئافێستا محه‌مه‌د به‌رێوه‌به‌ری ناحییه‌كه‌ و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 18ی رۆژئاوای كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و لێپرسراوانی په‌روه‌رده‌ی خوێندنی كوردی، زه‌نگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا .

بۆ ئه‌مساڵی خوێندن له‌ سنوری كه‌ركوك نزیكه‌ی 500 هه‌زار خوێندكار به‌شدارنڤن كه‌ 43 هه‌زار خوێندكاریان بۆ ساڵی نوێی خوێندن تۆماركراون.
سه‌باره‌ت به‌ خوێندنی كوردی كه‌ركوكیش، 90 هه‌زار خوێندكار به‌شداره‌ له‌ قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی كه‌ نزیكه‌یی 9 هه‌زار خوێندكاریان بۆ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی ساڵی نوێی خوێندن تۆماركراون، ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو زیادیكردوه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP