پێكێ ئه‌فسانه‌ی هێڵی به‌رگری مالئاوایی ده‌كات
ئاكۆ بیبانی
دواجار و دوای 14 ساڵ له خزمه‌تكردن به یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه و پارێزگاریكردن له هێڵی به‌رگری ، جیرارد پیكییه‌ی ئیسپانی و دیواری پۆڵاینی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه بڕیاری دا یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه جێبهیێلێت.
جیرارد پیكییه یه‌كێك له به‌ناوبانگترین و باشترین یاریزانه‌كانی هێڵی به‌رگری جیهان و ئیسپانیا و به‌رشه‌لۆنه‌یه ، یاریزانێكی پڕ وزه‌و توانا‌و خاوه‌ن جه‌سته‌یه‌كی پته‌و و به‌هێز ، به‌جۆرێك ئاشقی یانه‌و هه‌ڵبژارده‌كه‌ی بوو كه ته‌واوی یارییه‌كان خۆنه‌ویستانه له پێناو تیمه‌كه‌ی تێده‌كۆشا و گیانفیدایی ده‌كرد ، پیكێیه هه‌ر چه‌نده له‌ته‌مه‌نی لاوێتیدا له ریزه‌كانی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌و ئه‌كادیمیای لاماسیا یاری ده‌كرد به‌ڵام دواتر له 2004 – 2008 له ریزه‌كانی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد یاری كرد و له‌و ماوه‌یه‌دا له ژێر سه‌رپه‌رشتی سێر ئه‌لێكس فێرگسۆن ده‌ركه‌وت ، پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ خولی ئیسپانی و بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به شێوه‌ی خواستن یاری بۆ یانه‌ی ڕیاڵ زاراگۆزا كرد و دواتر گه‌ڕایه‌وه بۆ ریزه‌كانی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه ، پكیێه له ژیانی پیشه‌گه‌ری خۆیدا له چه‌ندین وێستگه‌ی گه‌وره‌ی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌دا پشكی شێری سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێ بڕاوه ، گه‌ر باس له‌ده‌سكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پیكییه بكه‌ین ئه‌وا سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وتی مێژووی ئیسپانیاوه ده‌سپێ بكه‌ین كه بردنه‌وه‌ی جامی جیهانی 2010 ی ئه‌فریقای باشوور بوو كاتێك ماتادۆره‌كان بوونه پاڵه‌وانی مۆندیال ، به‌ده‌ر له‌وه‌ی یه‌ك جاریش بونه پاڵه‌وانی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا .
پیكێیه 102 یاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا كردوه ، له‌گه‌ڵ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ش زیاتر له 600 یاری ئه‌نجام داوه ، له مێژووی خۆیدا پیكییه له زۆرترین ده‌سكه‌وتی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه پشكی شێری به‌ركه‌وتوه ، به‌جۆرێك هه‌شت جار له‌گه‌ڵ كوڕانی كه‌ته‌لۆنیا بۆته پاڵه‌وانی لالیگا ، سێ جاریش له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی جامی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپای به‌رزركرۆته‌وه ، 7 جاریش جامی شای ئیئسپانیایان به‌ده‌ستهێناوه ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی 5 سوپه‌ری ئیسپانی و 3 سوپه‌ری ئه‌وروپی و یه‌ك نازناوی جامی جیهانی یانه‌كانی برۆدته‌وه .
له‌گه‌ڵ یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتدیش یه‌ك جار بۆته پاڵه‌وانی خولی یانه‌كانی ئینگلته‌را و یه‌ك جاریش جامی یه‌كێتی ئینگلته‌رای ده‌سته‌به‌ركردوه .
جیرارد پیكییه ته‌مه‌نی 35 ساڵه و خاوه‌نی 2 مناڵن ، خۆشه‌ویستی شاكیرا بووه‌و دوای خۆشه‌ویستی و ئه‌فیدارێكی درێژ دواجار خیانه‌ت هه‌ردوو ئه‌ستێره جیهانیه‌كه‌ی له‌یه‌كتر جیاكرده‌وه .
له‌م وه‌رزه‌دا ئاستی پیكێیه به‌ته‌واوی دابه‌زی ئه‌مه‌ش بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه‌یه ڕووبه‌رووی ڕه‌حنه‌و توانجێكی زۆر ببێته‌وه .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP