بەئامادەبوونی خانمی یەکەمی عێراق میهرەجانێکی وەرزشی لەسلێمانی بەڕێوەچوو

وەرزش
17:53 - 2022-11-11


خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رۆژی هەینی ٢٠٢٢/١١/١١ ئامادەی رێورەسمی کردنەوەی میهرەجانێکی وەرزشی بوو لەهۆڵی پارائۆلۆمپی لەشاری سلێمانی.
میهرەجانەکە بەچاودێری سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراقی و بۆردی وەرزشی (ی.ن.ک) و لەلایەن نوسینگەی یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز لەلیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراقی یەوە رێکخرابوو.
لەمیانی چالاکیەکانی کردنەوەی ئەو میهرەجانە وەرزشییەدا  کە سەرتیپ عەلی لێپرسراوى بۆردی وەرزشی (ی.ن.ک) و جێگر و ئەندامانی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان ئامادەیبوون، میهرەجانەکە بەهاتنەژورەوەی کەژاوەی کچان و بەپۆشینی جلوبەرگی ئاڵوواڵای کوردییەوە دەستی پێکرد،  دواتر  هەردوو مارشی نیشتمانی عێراقی و مارشی ئەی رەقیب پێشکەشکرا، دواتر بەیدا گەیلانی سەرۆکی نوسینگەی یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز وتاری خۆی پێشکەشکرد و سەرباری دەربڕینی خۆشحاڵی بەئامادەبونی خانمی یەکەمی عێراق، گرنگی سازکردنی ئەم جۆرە میهرەجانە وەرزشییەی خستەروو کەبۆیەکەمینجارە لەعێراق و لەپارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت. 
خاتوو بەیدا ئاماژەی بەوەشکرد دەمانەوێ کچانیش هاوتای کوڕان رۆڵی خۆیان ببینن لە چالاکییە وەرزشییەکاندا و پێگە و بونی خۆیان بسەلمێنن و متمانەیان بەخۆیان زیاتر بێت و سەربکەون بۆ خول و پاڵەوانێتییەکان. 
هەر لەو چوارچێوەیەدا هەوڵ و پشتیوانییەکانی خاتوو شاناز بەرزنرخێنرا بۆ کەرتی وەرزشی. 
دواتر و لەیەکەم چالاکیدا ژمارەیەک یاریزانان هاتنە ناو گۆڕەپان و چەند یارییەکی تۆپی سەرمێز بەڕێوەچوو. 
بڕیارە چالاکیەکانی ئەم میهرەجانە وەرزشییە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت لەشاری سلێمانی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP