سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە یاریدەدەر و سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كرد

کوردستان
17:25 - 2022-12-07

باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رایدەگەیەنێت:" پێویستمان بە پەیوەندی و توانای زانستی زانكۆكانی كوردستان هەیە، لە بواری توێژینەوە و ئەزمونی پسپۆرانی ئەكادیمی لە بوارە فرەلایەنەكانی كاری توێژینەوەیی دامەزراوەكەدا".
باڵیۆز د. محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رۆژی چوارشەممە 7ی 12ی 2022 لە بارەگای سەرەكی دامەزراوە لە سلێمانی پێشوازی  لە پ.د. كۆسار محەمەد سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و د.كاوە جەمال یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری كارگێڕی ودارایی كرد.
لە دیدارێكدا سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی رایگەیاند:" پێویستمان بە پەیوەندی و توانای زانستی زانكۆكانی كوردستان هەیە، لە بواری توێژینەوە و ئەزمونی پسپۆرانی ئەكادیمی لە بوارە فرەلایەنەكانی كاری توێژینەوەیی دامەزراوەكە دا" و روونیكردەوە لە پرۆژە زانستیەكانی دامەزراوەكەدا بایەخی تایبەت بە توێژینەوەی زانستی دەدرێت بەتایبەتی لەسەر تێڕوانین و سیاسیەت و دیدگا هەمەلایەنەكانی سەرۆك  جەلال تاڵەبانی ، كە توێژەرانی ئەكادیمی دەتوانن هاوكاربن.
 باڵیۆز د.محەمەد سابیر رۆڵی زانكۆ و ناوەندە ئەكایمیەكانی بەرزنرخاند وتی:" دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی  ئاڵوگۆڕ و پەیوەندیی زانستیی و ئەكادیمی  لەگەڵ زانكۆكانی كوردستان و عێراق و زانكۆی سلێمانی بەتایبەت  بەگرنگ و پێویست دەزانێت" و راشیگەیاند:"دەمانەوێت سوود لە ئەزمون و پسپۆرییان وەربگرین لە بواری كلتوری و فەرهەنگی و جێندەرو لێكۆڵینەوەی زانستی و ژینگەو زۆر بواری تر كە دامەزراوە دەیەوێت سەرمایەگوزاری بونیادنەرانەی تێدا بكات كە بە سوودی پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی مرۆیی و كۆمەڵگەی كوردەواریی بگەڕێتەوە".
لە بەرامبەریشدا سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پشتیوانی خۆی بۆ كارو چالاكییەكانی دامەزراوە دووپاتكردەوە و بیروڕا لە بارەی توێژینەوەی زانستی و سوودوەرگرتن لە كەسانی ئەكادیمی ئاڵوگۆڕكرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP