قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی کۆبووەوە

کوردستان
18:37 - 2022-12-07

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئەمڕۆ چوارشەممە 7/12/2022، لەدەباشان،  پێشوازیکرد لەئەیاد عەلاوی یەکەم سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش رووخانی رژێمی بەعس.

لەو دیدارەدا کەئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) ئامادەی بوو، تاوتوێى دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد بەتایبەت دواى پێکهێنانی حکومەتی عێراق و جەخت لەگرنگى پشتیوانیکردنى هەمەلایەن بۆ هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی کرایەوە بەئاڕاستەی خستنەسەرپێى پرۆژە وپلانی پێویست لەپێناو خزمەتی هاوڵاتیاندا.

لەبەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، قوباد تاڵەبانی ستایشی ڕۆڵی ئەیاد عەلاوی کرد لەسەردەمی موعارەزە و پاش رووخانی رژێمی لەناوچوو و هەوڵەکانی لەپێناو بنیاتنانی عێراقێکی دیموکراتی و فرەڕەنگ و بەرپاکردنی ئاشتەوایی، هەروەها ئاماژەی بەدۆستایەتی و هاوخەباتییەکەیدا لەگەڵ سەرۆک مام جەلال لەقۆناغەکانی رابردوو تاوەکو پێکهێنانی حکومەت لەپاش روخانی رژێمی لەناوچوو. 
 لەکۆبوونەوەکە جەخت لەخێراکردنى هەنگاوەکانى چاکسازی لەهەموو جومگەکانی بەرێوەبردن و رووبەرووبونەوەى گەندەڵی و چەسپاندنى ئاسایش و سەقامگیرى و کارکردن بۆ دابینکردنى پێداویستییەکانى هاوڵاتیان کرایەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP