قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی
هەرێم پێشوازیکرد لە ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ
کاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە
یەکگرتووەکان لە عێراق و لەبارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە و كێشە ناوخۆییەكانی
هەرێم و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كرد.
لە کۆبوونەوەیەکەدا کە (24 کانوونی دووەمی 2023)
بەڕێوەچوو، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان
کرایەوە. قوباد تاڵەبانی لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکەی بۆ وەفدی میوان ڕوون کردەوە
کە بریتین لە؛ سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کورسی کۆتا و
پێکهاتەکان لەگەڵ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، داواشیکرد، نەتەوە
یەکگرتووەکان ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچوونی
دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی
کوردستان.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پێکهاتە و کەمینەکان ڕێز
لێ گیراون لە هەرێمی کوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێکهاتانە، ببنە خاوەنی
بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان کە دوور بێت لە
دەستوەردانی حیزب و هێزە سیاسییەکان.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا،
جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن کردەوە بۆ
کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە جۆرێک کە سەقامگیری سیاسی و ئابووری لێ بکەوێتەوە، لەم
پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەموو هەنگاوێک دەربڕی لەسەر بنەمای دەستوور و لێکگەیشتنی
هاوبەش.
لەبارەی دۆسیەی وزە، قوباد تاڵەبانی بۆ شاندی نەتەوە
یەکگرتووەکانی ڕوون کردەوە ئەوان مەبەستیانە خەڵکی کوردستان سوودمەندی یەکەم بن لە
سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و
باشترکردنی خزمەتگوزاییەکان بەکاربهێنرێت.
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا باسی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی
لە هەرێمی کوردستان کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی
ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد کە پایەی سەرەکی کۆمەڵگای مەدەنین، راشیگەیاند
رێکخراوەکان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەکان هەیە و دەبێت
رەخنە و گلەییەکانیان بە هەند وەربگیردرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی
هەوڵەکانی جێنین پلاسخارتی کرد لە عێراق و کوردستان کە هەمیشە بنیاتنەرانە بووە و
بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوی گرنگی ناوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP