قوباد تاڵه‌بانی به‌ ره‌سمی بانگهێشتی قه‌ته‌ر ده‌كرێت

جیهان
21:57 - 2023-04-26


لە پەڕاوێزی كۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی لە یۆنان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ سوڵتان سەعد ئەلمورەیخی وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ كاروباری دەرەوە كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بە رەسمی بانگهێشتنامەی وڵاتی قەتەر پێشكەشی جێگری سەرۆك وەزیران كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ چوار شەمە 26ی نیسانی 2023 بەڕێوەچوو، تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی هەرێمی كوردستانی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بە تایبەت لە بواری پەیوەندیی نێوان زانكۆكانی كوردستان و قەتەر و هەروەها لەڕووی وەرزشی و بازرگانییەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ كاروباری دەرەوە بە رەسمی بانگهێشتی جێگری سەرۆك وەزیرانی كرد سەردانی وڵاتی قەتەر بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنییەتی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لەو بوارانەیدا كە جێگەی گرنگی پێدانی هەردوولان.

هەر لە پەراوێزی یەكەم رۆژی كۆڕبەندی ساڵانەی دێڵفیدا جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ كۆنستانتینۆس زێرڤاس سەرۆكی شارەوانی سالۆنیكی یۆنان كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سالۆنیكی یۆنان لە بوارەكانی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و پێشەسازییەوە.

قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا داوای لە سەرۆكی شارەوانی سالۆنیك كرد هانی وەبەرهێنەرانی سالۆنیك و وڵاتی یۆنان بدات لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن و ئامادەیی هەرێمیشی دەربڕی بۆ پێشكەش كردنی هەموو جۆرە كارئاسانییەك لەمبارەیەوە.  

جێی وەبیرهێنانەوەیە كۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی یەكێكە لە گرنگترین كۆڕبەندە ئابورییەكانی ئەوروپا و تیایدا بە بەشداری سەرۆك و بەرپرسانی باڵای وڵاتان باس لە چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشە ئابوری و سیاسییەكانی جیهان دەكرێت. بۆ جاری دووەمە لەسەر یەك قوباد تاڵەبانی بەشداری لەم كۆڕبەندەدا دەكات.

 


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP