بەرپرسێکی ئێرانی: دەستمانکردوە بە ئامادەکاری له‌ ئه‌گه‌ری شکستی دانوستانە ئەتۆمییەکان

جیهان
09:40 - 2025-05-11


ئه‌مڕۆ دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکە دەستپێدەکەنەوە.
بڕیارە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی واشنتن لە ڕێگەی ناوبژیوانانی عومانییەوە خولی چوارەمی دانوستانەکان لە شاری مەسقەت بەڕێوەببەن.
بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە لایەنی ئەمریکییەوە "جددی نییە"، وڵاتەکەی لە ئێستاوە دەستیکردوە بە ئامادەکاری بۆ ئەو سیناریۆیەی کە ئەو دانوستانانە تێیدا شکست دەهێنن.
لە لێدوانەکانیدا بۆ تۆڕی هەواڵی ئەمریکی سی ئێن ئێن، ئەو بەرپرسە کە ناوی نەهێنراوە، باسی لە "هەڵسەنگاندنەکانی ناو ئێران کردوە کە ئەو دانوستانانە هەر لە سەرەتاوە داڕێژراون بۆ ئەوەی ببنە تەڵەیەک بۆ ڕاکێشانی ناوچەکە بەرەو گرژیی زیاتر".
ئەو بەرپرسە ئێرانییە، واشنتنی تۆمەتبارکرد بەوەی کە بە "گەمەیەکی سیاسی و میدیایی" ده‌كات، جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئەو شێوازە لە دانوستانە پچڕپچڕەی ناوێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئەمریکی "ئامادە نییە" بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی سیاسی یان تەکنیکی "مانادار"، وەڵامەکانی واشنتنیش "کورت و گشتین و زۆرجاریش پێشنیارە سەرەکییەکانی ئێران پشتگوێ دەخەن، لەکاتێکدا هەڵوێستی ئەمریکا بەردەوام لە گۆڕاندایە".



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP