قوباد تاڵەبانی لە دێڵفی: دەبێت پێداویستی ناوخۆمان پڕبکەینەوە پاشان غاز هەناردە بکەین

جیهان
17:21 - 2023-04-27

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندی ئابووری دێڵفی لەیۆنان لە وتارێکدا رایگەیاند:" لەڕووی جیۆپۆلتیکەوە، کوردستان لەدۆخێکی ئاڵۆزدایەو دەبێت بە حەکیمی مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانمان بکەین، پێویستە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت".وتیشی:" لەگەڵ ئەوەی هەرێم دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، بەڵام بەداخەوە هێشتا کارەبای ٢٤ سەعاتیمان نییە، بۆیە دەبێت ئەو گرفتە چارەسەر بکەین و پێداویستییە ناوخۆییەکان پڕ بکەینەوە ئینجا بیر لە هەناردەکردنی غاز بکەین".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ دووەم جار لەسەریەک بەشداری کرد لە کۆربەندنی ئابوری دێڵفی لەیۆنان و لە وتارێکیشیدا لە کۆربەندەکەدا کە رۆژی ٢٧-٤-٢٠٢٣ پێشکەشیکرد رایگەیاند:" سەرچاوە سروشتییەکان وادەکەن حکومەت تەمەڵ بێت، پێویستە خزمەتگوزاری باش پێشکەشی گەلەکەمان بکەین".

راشیگەیاند:"ئێمە پێویستییەکی زۆری ناوخۆییمان بۆ وزە هەیە، سەرچاوەیەکی زۆرمان لە غاز هەیە کە تا ئێستا دەرنەهێنراون، هاوکات دەتوانین جگە لە داهاتی نەوت پشت بە داهاتی تریش ببەستین، بەتایبەت کۆکردنەوەی داهات لەڕێی کەرتی کشتوکاڵەوە".

هەر لە وتارەکەدا قوباد تاڵەبانی وتیشی:"کۆی سەرچاوەی داهاتی ئێمە پشت بە نەوت دەبەستێت و پێویستە ژیرانە رەفتار بکەین بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات"، راشیگەیاند:" پشتبەستن بە نەوت و سەرچاوە سروشتییەکانی تر ئابورییەکی سەقامگیرمان بۆ دەستەبەر ناکات، بۆیە دەبێت پشت بە سەرچاوی داهاتی تر ببەستین، بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی سود لە ئەزموونی یۆنان و وڵاتانی تر وەربگرین".

وتیشی:" کارمان لەسەر حکومەتێکی ئەلیکترۆنی کردووە، ئەگەر شەفافیەت هەبێت گەندەلی قورس دەبیت، چونکە حکومەتێکی بیرۆکراسی  وادەکات گەندەڵی بڵاوببێتەوە".

راشیگەیاند:" یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە کوردستان شتێکە باوەرمان پێیەتی ژنان دەتوانن رۆڵێکی باش لە حکومەتدا بگێڕن".

قوباد تاڵەبانی لە درێژەی وتارەکەیدا وتیشی:"پەیوەندی باشمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا هەیە، هاوکات دژی ئێران و تورکیا نین و پەیوەندیمان لەگەڵ کوردانی سوریاش هەیە و پێکەوە شەڕمان لەگەڵ داعش کردووە، پیویستە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان پتەوتربکەین".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP