قوباد تاڵه‌بانی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌ عێراق

جیهان
19:48 - 2023-04-27

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە و ژەنەراڵ دەیڤد پێترایۆس کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کارڵ بیڵت سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوید و سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و یەکێتی ئەوروپایان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە 27ی نیسانی 2023  لە پەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دیڵفی لە یۆنان بەڕێوەچوو، دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا گرنگی زیاتر بدات بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی سوید و هەموو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیش تاوتوێ کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق کرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بەداخەوە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا پێگەی کورد لە عێراقدا لاواز بووە و جەختیشی کردەوە کە پێویستە لەم قۆناغەدا بە هەموو تواناوە کار بکرێت بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە عێراقدا بەهێز بکرێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرا و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە هەرێم پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەبێت. 

هەر لە پەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفیدا جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ژەنەراڵ دەیڤد پێترایۆس بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆیان کرد لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە، هەروەها چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان تاوتوێ کرد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP