گواردیۆلا دڵخۆشترینی سه‌رزه‌مینه‌

وەرزش
15:26 - 2023-05-18

گواردیۆلا دڵخۆشترینی سه‌رزه‌مینه‌
نوسین – محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان 

ژیان، هه‌لێكه‌ بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ كه‌سی به‌رامبه‌ر یاخوود ركابه‌ر، چجا ئه‌و تۆڵه‌ كردنه‌وه‌یه‌ له‌ ئاست ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌دا بێت و هه‌رچی رق و كینه‌ی رابردوو هه‌یه‌ به‌ڕووی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت به‌تاڵی بكه‌یته‌وه‌.

به‌پێی پێوه‌ری ته‌واوی ئه‌و یانانه‌ی كه‌ سه‌رپه‌رشتی كردوه‌ و ئه‌ركی مه‌شقدانه‌وه‌یانی له‌ ئه‌ستۆ گرتوه‌، پیپ گواردیۆلای ئیسپانی و راهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی ئینگلیزی، پێش وه‌خته‌ دیداره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ یانه‌ی ریاڵ مه‌درید به‌ گرنگترین تاقیكردنه‌وه‌ی ناوبرد له‌ مێژووی خۆی له‌گه‌ڵ یانه‌ ئینگلیزیه‌كه‌، هه‌ر بۆیه‌ چێژی بردنه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنه‌كه‌شی له‌ سه‌رووی چێژی ئه‌و بردنه‌وانه‌ داده‌نێت كه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كانی پێشووی تۆماری كردوه‌، ئه‌ویش به‌راورد به‌ تیپه‌كه‌ی ركابه‌ری كه‌ یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی ئیسپانیه‌، كه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 14 نازناو سه‌ردار و سه‌رگه‌وره‌ی كیشوه‌ره‌ پیره‌كه‌یه‌

دیاره‌ گواردیۆلای راهێنه‌ر ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ ژوری پلان و نه‌خشه‌كێشه‌كانی، سه‌رقاڵی داڕشتنی پلانێكه‌ كه‌ چۆن پشتی یانه‌ی ریاڵ به‌ زه‌وی بدات نه‌ك ته‌نها بردنه‌وه‌ و گه‌ییشتن به‌ یاری فیناڵ زامن بكات، گواردیۆلا خویی ئه‌وه‌ی گرتبوو چۆن ئه‌و فه‌رشه‌ سوره‌ له‌ ژێر پادشاكه‌ی ئیسپانیا ده‌ربینێت، كه‌ تا پێش سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی شه‌وی رابردوویان، تاڵی شكسته‌كه‌ی وه‌رزی پێشوویان به‌ گه‌رووی یاریزانه‌كانی رۆئه‌چوو.

ئه‌و داستانه‌ گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر نه‌وه‌ی شاهانه‌یه‌كانی مه‌دریدی پایته‌خت تۆماریان كرد، ئه‌ندازیاری ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مێژوویه‌ پیپ گواردیۆلا بوو، چوونكه‌ شێتانه‌ تینویی خوێنی یاریزانانی ریاڵ ببو، هه‌ر بۆیه‌ له‌ ژوره‌ پڕ تاكنیك و تاكتیكه‌كانیدا تێكه‌ڵه‌یه‌كی سیحراوی دروست كردوو له‌ نێو یاریگادا شكۆی قه‌ڵای شاهانه‌كه‌ی ئیسپانیای پێ لكه‌دار كرد.

ئێشتاش خودی گواردیۆلای راهێنه‌ر  له‌ به‌رده‌م هه‌لێكی دیكه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت چه‌ندین ئامانجی له‌بیر نه‌كراوی تێیدا ده‌ستبه‌ر ده‌كات، له‌ یاری كۆتاییدا گه‌ر سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین راهێنه‌ر له‌ مێژووی یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی مۆزخانه‌ی یانه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌م نازناوی پاڵه‌وانانی ئه‌وروپا بڕازێنێته‌وه‌، 

جیا له‌وه‌ش، ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ی له‌ به‌رده‌مه‌ بۆ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌وه‌ له‌بیر نه‌كراوه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی جۆزێ مۆرینیۆی سه‌رده‌می ئینته‌رمیلان پێی كرا، كه‌ له‌ سه‌رده‌می زێڕین و دره‌وشانه‌وه‌ی یانه‌ كه‌ته‌لۆنیه‌كه‌ پیپ و یاریزانه‌كانی ماڵئاواییان له‌ جامه‌كه‌ كرد، ئه‌و شه‌وه‌ش ناونرا شه‌وی شكاندنی هه‌یمه‌نه‌تی 90 هه‌زار كه‌ته‌لۆنی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP