د. رێواز فایەق: جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دەیویست کاری نایاسایی بکات

کوردستان
10:58 - 2023-05-27


د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "بەرپرسم لەوەی رێگا نەدەم سازدانی نیشتمانی تێکبچێت ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دەیویست کاری نایاسایی بکات، ئێمە مافی خۆمانە کە بە یاسایی رێگری لێبکەین و هەر ئەوەشمان کرد".

ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە بە سازان تێپەڕێت
د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی دیکەدا هاوڕا نەبوون هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هەر هەمان لایەن رایانگەیاند، دەستپێشخەریمان هەیە و دەمانەوێت هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەینەوە، بەڵام ئێمە پێمان وابوو ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانی هەیە پێویستە بە سازان تێپەڕێندرێت، نەک وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەکەی رۆژی ٢٢ی مانگ لە پەرلەمانی کوردستان بینیمان".
"من کە سەرۆکی پەرلەمانم بەرپرسم لە حورمەتی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا لەبارەی پرسە نیشتمانییەکانەوە هەیە، هەروەها بەرپرسم لەوەی رێگا نەدەم سازدانی نیشتمانی تێکبچێت، بۆیە لە بەرامبەر ئەو بەرپرسیارێتییەمدا رێگا نادەم ئەو پرسانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە بەبێ سازان تێبپەڕێت"، سەرۆکی پەرلەمان وادەڵێت.

ئەوەی لە کۆبوونەویە رابردوودا روویدا نایاسایی و ناپەیڕەوی بوو
وتیشی: "هێمن هەورامی بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت هەوڵیدا بڕگەیەک بۆ دانیشتنەکەی رۆژی ٢٢ی مانگ زیادبکات لەکاتێکدا من وەک سەرۆکی پەرلەمان پێم راگەیاندبوون کە ئەو دانیشتنە ئەگەر ئەو بڕگەیەی بۆ زیاد بکرێت نایاسایی دەبێت چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پێویستە پێش ٢٤ سەعات لە دانیشتنەکە ئەندامانی پەرلەمان لە کارنامەی دانیشتنەکە ئاگادار بکرێنەوە، بۆیە کاتێک جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دەیەوێت نایاسایی بکات ئێمە مافی خۆمانە کە بە یاسایی رێگری لێبکەین و هەر ئەوەشمان کرد".

د. رێواز دەڵێت."تەئکید دەکەینەوە ئەوەی لە کۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی کوردستا دا روویدا نایاسایی و ناپەیڕەوی بوو، ئیرادەی یەکێتی و هێزە سیاسییەکانی دیکە کە سەرجەمیان جگە لە پارتی لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن پاکێجێکیان هەبوو سەرکەوت و ئەوەی ئێستا باسی لێوەدەکرێت لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، پرسێکی مردووە، لەگەڵ ئەوەشدا فرسەت ئەحمەد وەزیری داد بەهۆی ئەوەی سێ خول سکرتێری پەرلەمان بووە، لە هەموومان باشتر دەزانێت ئەوەی روویدا ناپەیڕەوی و نایاسایی بوو، بەڵام بەداخەوە ئیرادەی راگرتنی نەبوو"، 

سەرۆکی پەرلەمان لە کۆنگرەکەدا رووی دەمی کردە ئەنجومەنی کۆمسیاران و رایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی بڕیارە ئەنجومەنەکە سبەی کۆببێتەوە داوادەکەم رۆڵی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان بگێڕن و رێگا نەدەن ببنە بەشێک لەو نایاساییەی کە لایەنێک دەیەوێت پەیڕەوی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە یەکێتی بژاردەی دیکەی هەیە بۆ راگرتنی ئەو مەهزەلەیەی کە پارتی دەیەوێت بەڕێوەی بەرێت".

کاروان گەزنەیی: لایەنێک دەیەوێت پرسی هەڵبژاردن بە نایاسایی تێپەڕێنێت

کاروان گەزنەیی ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەکەدا وتی: "ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی کۆتایی هێنانی بە دانیشتنەکەی پەرلەمان لەپێناو یەکێتی نەبوو، بەڵکو لەپێناو تێکنەچوونی ئاسایشی نیشتمانی و سەروەری یاسا بوو".
"لە پێنج ساڵی رابردوودا فراکسیۆنی یەکێتی هەموو هەوڵێکی داوە کە لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەدا هاوڕابێت لەبارەی پرسە نیشتمانییەکانەوە، بەڵام کاتێک لایەنێک دەیەوێت بێ سازانی نیشتمانی پرسێکی گرنگی وەک هەڵبژاردن بە تاک لایەنی و نایاسایی تێپەڕێنێت بێگومان فراکسیۆنی سەوز رێگری لێدەکات و دژی دەوەستێت"، کاروان گەزنەیی وادەڵێت

یەکێتی هەوڵیداوە پەرلەمان بکاتە سەکۆیەک بۆ خزمەتی هاووڵاتییان
وتیشی: "ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵمانداوە پەرلەمان بکەینە سەکۆیەک بۆ داکۆکیکردن لە مافی کەسوکاری شەهیدان و مامۆستایانی وانەبێژ و بژێوی فەرمانبەران و زیادکردنی هەلی کار نەک بیکەینە یەکلاکردنەوەی کاتی هەڵبژاردن کە ئەوە مافێکی رەوای گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و نابێت پەرلەمان بەو پرسانەوە سەرقاڵ بکرێت کە یاسا جێگیری کردووە".
"فراکسیۆنی یەکێتی تەئکید لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و ئامانجمانە کە پێکهاتەکان نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان هەبێت و بۆ پرسە نیشتمانییەکان بەکارنەهێندرێن"، یەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان وایوت.

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کورداستان دژی ئەو هەوڵانە وەستاوەتەوە کە لایەنێک دەیەوێت پرسی هەڵبژاردن بە نایاسیی و تاک لایەنانە تێپەڕێنێت و هیچ گرنگی بە سازدانی نیشتمانی نادات، بۆیە یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت رێگری لەو هەوڵانە بکات و پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانیی لە پێشینەی کارەکانی داناوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP