د. هەڤاڵ ئەبوبەكر: سلێمانی لە وەبەرهێناندا یەكەمە

ئابوری
17:20 - 2023-06-08

دووەمین كۆڕبەندی ئابووریی سلێمانی بە بەشداری باڵیۆز و ژمارەیەك لە نوێنەری وڵاتان و دەیان میوانی بیانی لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان و عەرەب و ناوچەكە لێپرسراوانی باڵای حكومەتی عیراق و كوردستان دەستی بەكارەكانی كرد و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا پێنج پانێڵ پێشكەش دەكرێن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی: "سوپاسی ئەو دەستپێشخەرییە دەكەین كە ئەمە بۆ دووەم جارە بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیاكان كۆڕبەندی ئابوری لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە تێیدا پەنجە دەخرێتە سەر گیروگرفتە ئابورییەكان و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك وەزیران و كاربەدەستانی حكومەتی عیراق هەوڵی چارەسەر كردنیان دەدرێت".

راشیگەیاند: "ئەوەی ئەم كۆڕبەندە لە كۆڕبەندی رابردوو جیادەكاتەوە ئەوەیە كە هەلێكی زۆری كار لەم كۆڕبەندەدا بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی رادەگەیەندرێت، دڵخۆشین بەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سلێمانی لە كەرتی وەبەرهێناندا یەكەمی هەرێمی كوردستان بووە و هەوڵدەدەین كە وەبەرهێنانەكانمان تەنها لە بواری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبووندا نەبێت بەڵكو سەرجەم سێكتەرەكانی دیكە بگرێتەوە".

"هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە كۆمپانیای ناوخۆیی و جیهانی زیاتر بهێنیینە پارێزگای سلێمانی و هەلی كار زیاتر بكەین و كەرتی وەبەرهێنان بەرەوپێشتر بەرین ئابوری سلێمانی زیاتر ببوژێنینەوە، ئەمە جگە لەوەی ئامانجمانە هەموو خێزانێك بكەینە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونی خۆی، هەر هاووڵاتییەكیش بیەوێت لە كۆڕبەندەكەدا یەكەیەكی نیشتەجێبوون بكڕێت ئەوا داشكاندنی بۆ دەكرێت" د. هەڤاڵ ئەبوبەكر وادەڵێت.

پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند: "كۆڕبەندەكە كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی قەیرانی دارایی دەبێت و لەڕێی وەبەرهێنانی ناوخۆییەوە دەتوانرێت كەرتی ئابوری زیاتر ببوژێنرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "جگە لەوەی پارێزگای سلێمانی لەڕووی ژینگە، تەندروستی، كەشوهەوا، وەبەرهێنانەوە یەكەمی عیراق و هەرێمی كوردستانە، لە بوارەكانی گەشتیاری و شوێنەوار و ئاینیشدا لە ئاستێكی بەرزدایە تەنانەت لەڕووی كشتوكاڵیشەوە لە پلەیەكی بەرزدایە و لەسەر ئاستی عیراق بۆ ئەمساڵ زۆرترین گەنم لە پارێزگای سلێمانی بەهەمهێنراوە، ئەمە جگە لەوەی بە خۆشحاڵییەوە بەپێی ئامارەكان ئەم پارێزگایە كەمترین رێژەی بێكاری و هەژاری تێدایە، هاوكات لەڕووی ئازادی تاك و ئازادی رادەربڕینیشەوە پێشەنگە، هەروەها بەوتەی نوێنەری سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەی وەبەرهێنەرانی سلێمانی لە وەبەرهێنەرانی عیراق جیادەكاتەوە ئەوەیە كە هیچ وەبەرهێنەرێكی سلێمانی بۆ وەبەرهێنانەكەی داوای قەرزی لە بانك نەكردووە ئەوەش ئاستبەرزی وەبەرهێنەرانمان نیشان دەدات".
دووەمین كۆڕبەندی ئابوری سلێمانی لە هۆتێل گراند میلینیۆم (شاری جوان) بەڕێوەدەچێت و بڕیارە ماوەی سێ رۆژ بەردەوامبێت و هاووڵاتیانیش دەتوانن بەشداری كۆڕبەندەكە بكەن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP