سه‌رۆك بافڵ:یەکێتی درێژە بە هەمان سیاسەتی هاوسەنگ و حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات

جیهان
17:10 - 2023-09-10


بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تاران لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەبوون، پەرەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێم و بەتایبەت یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لێکرایەوە و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، پاراستنی ئاسایش و هەماهەنگیی کەلتووری گفتوگۆی لەبارەوەکرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ستایشی رۆڵی سەرۆک مام جەلالی کرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و پاراستنی تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکاندا. وتیشی، یاد و یادەوەریی سەرۆک مام جەلال هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە و ئێستاش یەکێتی بەهەمان رۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە تەندروستە دەدات، کە بێگومان هێزێکی کاریگەرە و رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا.

لەدرێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکاندا بەردەوامە، هیوادارم هەموومان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاوبنێین و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە کاری لەپێشینەمان بێت.

لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی و پەیوەندییەکانی حزبەکە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ سەرۆک بافڵ وتی، یەکێتی بە ئیرادەیەکی بەهێز و سەربەخۆوە درێژە بە هەمان سیاسەتی هاوسەنگ و حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات و دەمانەوێت خزمەتی گەلی خۆمان بکەین. بڕواشمان وایە دەتوانین لەگەڵ دۆستەکانمان هەماهەنگیی تەواومان هەبێت و پێکەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا هەنگاوبنێین، پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ شیعە و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP